لیوا ھەڵۆ نەجات: ئاوارەکانی دیالە دەنێرینەوە و هیی ناوچە گەرمەکانیش دێن

کەرکووک-KDP.info- بەڕێوبەری ئاسایشی کەرکووک دەڵێ، ھەر چەند گوشار و ناڕازیبوون هەبێت لە گێڕانەوەی ئاوارەکان، ئەمە پرۆسەیەکە و بەڕێوە دەبرێ و پێویستە ئەوانی ناوچەکانیان رزگار کراون بگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانیان و زۆرێکیش لە وانەی دیالە نێردراونەتەوە.
دوای شەڕی داعش زیاتر لە نیو ملیۆن ئاوارە لە پارێزگاکانی عێراقەوە روویان لە شاری کەرکووک کردووە، بەشێکیان لە کامپەکاندا دەژین، بەشێکیشیان لە نێو شاردا خانوویان بەکرێ گرتووە.
لیوا (ھەڵۆ نەجات) بەرپرسی ئاسایشی کەرکووک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند "گەڕاندنەوەی ئەو ئاوارانەی لە کەرکووک نیشتەجێن بۆ شوێنی پێشووتری خۆیان بەردەوامە و، ئەم پرۆسەی گەڕاندنەوەیەش بە بەرنامەیە. هەڵبەتە وەفدی عێراقیش بێتە کەرکووک یاخود نا بۆ ئەو مەبەستە، پرۆسەکە ناوەستێ."
بەرپرسانی ئیداری و ئەمنیی کەرکووک پاش دواهێرشەکەی تیرۆریستان بۆ نێو شاری کەرکووک گوتیان، دەکرێت شانە نووستووەکانی داعش لەنێو ئاوارەکاندا ھاوکاریی تەواوی ئەو چەکدارانەیان کردبێت بۆ دزەکردنە ناو شاری کەرکووک، چونکە داعش مقاوەمەی زۆری کرد، بە باوەڕی ئەو بەرپرسانە ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە خەڵکانێک ھەبووە لەناو ئاوارەکاندا شانەی نووستووی داعش بوون و ھاوکاریی داعشیان کردووە.
وەک لیوا (ھەڵۆ نەجات)ـیش گوتی، تا ئێستا بەشێکی زۆر لە ئاوارە هاتووەکانی شەڕی داعش بۆ کەرکووک و پاش ئازادکردنی ناوچەکانیان گەڕێندراونەتەوە، حکوومەتی عێراق کە ھیچ ھاوکارییەکی نەکردوون، بەڵام گوتوویانە کە ئەوان رازین بگەڕێنەوە و، لەسەر ئەرزی واقیعیش ھیچ ناکەن، چونکە ناتوانن دۆخی ئابووری و ئەمنیی کەرکووک نادیتە بگرن.
پاش ڕزگارکردنی ئەو ناوچانەی پێشتر داعس داگیری کردبوون، بەرپرسانی ئیداریی ناوچەکان نووسراوی فەرمییان ئاراستەی پارێزگاری کەرکووک کردووە و، داوایان لێ دەکەن ئاوارەکان بگەڕێنێتەوە شوێنەکانی خۆیان، ئاسایشی کەرکووکیش بە بڕیاری پارێزگار لە نێو شاری کەرکووک پرۆسەی ناردنەوەی ئاوارەکانی دەست پێ کردووە.
هەر پێوەست بە چۆنیەتیی گێڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شار و شارۆچکەکانیان، بەرپرسی ئاسایشی کەرکووک دەڵێ، "ئێمە وەکو ھێزە ئەمنییەکان لیستی ناوەکانمان لایە و وەجبە بە وەجبە دەیانگەڕێنینەوە؛ چەند ڕۆژێکیشە دەست بە ناردنەوەی ئاوارەکانی دیالە کراوە کە ماوەی دووساڵە لە کەرکووکن، جگە لەوانە نەبێت کە فەرمانبەری حکوومەتن یاخود کاری فەرمییان ھەیە، ئەگەرنا ئەوانەی دیکە ھەموویان دەگەڕێندرێنەوە."
وەک (هەڵۆ نەجات) باسی لێ دەکات، سەرباری ڕەوانەکردنەوەی ئەو ئاوارانەی ناوچەکانیان ئازاد کراون، کەچی ھاتنی ئاوارەی ناوچە گەرمەکانی شەڕی دژ بە تیرۆر بۆ کەرکووک بەردەوامە، ئەمڕۆیش ١٠٠خێزانی دیکە لە حەویجەوە ھاتوون.
بڵند ئیبراھیم




