پەروێز ڕەحیم: بۆ ئیدارەی نوێی ئەمه‌ریکا، ھێز و توانای بکەرایەتیی کورد خۆی، لە ھەموو فاکتەر و ھۆکارەکانی تر گرینگترە

ھەولێر-KDP.info- مامۆستایەکی زانستە سیاسییەکان دەڵێ، پرسی کورد لە چوارچێوەی پرسەکانی ئاسایشی و سیاسیی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا خوێندنەوەی بۆ دەکرێت لەلایەن ئەمه‌ریکییەکانه‌وه، بۆیە بەپێی جۆری ستراتیژی سیاسەتی ترامپ لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ئەوە پرسی کورد ڕووبەڕووی سیاسەتەکانی ئەمریکا دەبێتەوە.
لاوازبوونی ڕۆڵی ئەمه‌ریکا لە ئاستی نێودەوڵەتی، ھەروەھا بەرزبوونەوەی ھەڕەشەی تیرۆر لە ئاستی نێودەوڵەتی و کەوتنە ژێر مەترسیی پێگە و ھێزی ئەمه‌ریکا لە ھاوکێشە سیاسییەکانی جیھاندا، وایکرد کە پێگەی دیموکراتەکان لە ھەڵبژاردنەکانی لەرزۆک و لاواز بێت.
ئه‌مه‌ی سه‌ره‌وه بۆچوونی مامۆستایه‌كی زانكۆیه و زیاتر له‌سه‌ر پرسی بردنه‌وه‌ی (دۆناڵد تره‌مپ) له هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌مه‌ریكادا هه‌ڵوه‌سته ده‌كات و هۆكارگه‌لی دی وه‌ك نموونه بۆ ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ی ده‌خاته به‌ر باسه‌وه و ده‌ڵێ، چارەسەرنەبوونی کێشە و توندوتیژییەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بووە ھۆی ئەوەی کە ئەمه‌ریکاییەکان ھەست بە ناکارامەییی ئیدارەی (ئۆباما) بکەن، ئەمەش کاریگەری لەسەر پێگەی (ھیلاری کلینتۆن) وەک کەسێکی دیموکرات کرد. بۆیە خەڵکی ئەمه‌ریکا وەک سزادانێک بەڵام ڕێگه‌ی میکانیزمی دیموکراسییه‌وه، (دۆناڵد ترامپ)ـیان ھەڵبژارد.
(پەروێز ڕەحیم) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە ڕاستیدا دەربارەی پرسە جیاوازەکانی سیاسەتی دەرەوە و ھەروەھا رۆژھەڵاتی ناوەڕاست (تره‌مپ)، هێشتا دیدگایەکی ڕوون و تۆکمەی نییە، بەڵام بەھۆی سروشتی سیستەمی سیاسیی ئەمه‌ریکا و ڕۆڵی ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە وتوێژینەوە و ڕاوێژکارەکان لە پرۆسەی بڕیار دروستکردن و ھەروەھا ئەزموونی لاوازی ئیدارەی دیموکراتەکان لە سەردەمی (باراک ئۆباما)دا، ئەوە ئەگەرێکی بەھێزە کە (دۆناڵد تره‌مپ) نەتوانێت زۆر سەرکێشی لەو ھێڵە گشتییانەی ئێستادا بکات و لەلایەکی ترەوە نەتوانێت لە ڕۆژھەلاتی ناوەڕاست بکشێتەوە."
سەركەوتنی (ترەمپ) ڕێك پێچه‌وانه‌ی هه‌رچیی راپرسی، پێشبینی و چاوەڕوانییەكانی میدیاكان و چاودێرانی نێوخۆی ئەمه‌ریكا و جیهان بوو، ئه‌و له‌به‌رانبه‌ر بەهێزترین ژنە كاندیددا له مێژووی ئەمه‌ریكادا كه (هێلاری كلینتۆن)ه، توانی بگاتە كۆشكی سپی.
خودی ئه‌مه‌ریكاییه‌كان ده‌ڵێن (ترەمپ) هیچ ئەزموونێكی سیاسی نییە، به‌ڵكو بارزگانێكی ناسراوی ئەمه‌ریكایە، هه‌ر لە سەرەتای خۆكاندیدكردنیه‌وه له‌گه‌ڵ زۆر ئاسته‌نگدا به‌ره‌وڕوو بوو، هه‌ڵبه‌ت له‌گه‌ڵ حزبه‌كه‌یشیدا كه پارتی كۆمارییەكانه، دواجار هەر 16 ركاربەرە كۆمارییەكەی تێپەڕاند و بۆ بردنه‌وه‌ی گره‌وی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی به‌هێزترین وڵاتی دنیا رووبەڕووی (هێلاری كلینتۆن).
باوه‌ڕی ئەو مامۆستایەی زانستە سیاسییەکانیش وایه، ھەرچەندە (تره‌مپ) وەک کەسیکی ناشارەزا لە ئاستی سیاسەتی نێودەوڵەتی و دەرەوەدا دەناسرێت، به‌ڵام پێشبینی دەکرێت کە بەپێی پاشخانی سیاسی و مەعریفیی کۆماریخوازەکان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ڕەفتار بکات؛ (په‌روێز ڕه‌حیم) گوتی ''ناکرێت بانگەشەکانی ھەڵبژاردن بە ھێڵی سەرەکیی سیاسەت و ستراتیژی (تره‌مپ) لە داھاتوودا پێناسە بکەین. بۆیە زیاتر لە ڕووی بەرژەوەندیی ئابوورییەوە پرسە سیاسییەکان ھەڵدەسەنگێنێت. بەڵام بونیادی سیستەمی نێودەوڵەتی و پێگەی ئەمه‌ریکا، ھەندێ پرس و بابەتی بەسەردا دەسەپێنێت."
كورد و سه‌ركردایه‌تییه سیاسییه‌كه‌ی چاویان له‌وه‌یه، له‌م سه‌رده‌می سه‌رۆكایه‌تیی (دۆناڵد تره‌مپ)دا پێوه‌ندییه سیاسی و دیپلۆماسییه‌كانی هه‌روه‌ها پێوه‌ندییه سه‌ربازییه‌كانی له‌م دوو ساڵه‌ی دواییدا كه له چوارچێوه‌ی هاوكارییه‌كانی هاوپه‌یمانه‌تیی نێوده‌وڵه‌تیدا بوو، پته‌وتر بێ.
دەربارەی ئه‌م پرسه ئه‌و شاره‌زایه‌ی زانستی سیاسه‌ت ده‌ڵێ: "بۆ ئەمه‌ریکاییەکان پرسی کورد لە چوارچێوەی پرسەکانی ئاسایشی و سیاسیی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا خوێندنەوەی بۆ دەکریت، بۆیە بەپێی جۆری ستراتیژی سیاسەتی (تره‌مپ) لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا ئەوە پرسی کورد ڕووبەڕووی سیاسەتەکانی ئەمه‌ریکا دەبێتەوە. بەپێی ئەزموونە مێژووییەکانیش کۆماریخوازەکان رەفتارێکی توندتریان لەھەمبەر ئاسایش و پرسە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا ھەیە. بۆیە ھێشتا زووە کە سیما و تایبەتمەندییەکانی سیاسەتی (ترامپ ) لە ئاستی جیھانی و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەرجەستە بێت، بەڵام ئەوەی کە ئاشکرایە (تره‌مپ) لەگەڵ ئیسرائیلییەکان لەلایەک و ڕووسیا لەلایەک ھەوڵی توندوتۆڵترکردنی پەیوەندییەکانی دەدات، بەڵام ناکۆکی لە بەرژەوەندییەکانی ئەمه‌ریکا و رووسیا، ھۆکاری سەرەکییە بۆ داھاتوو و چۆنیەتیی ئەم پەیوەندییانە.''
دوێنێ چوارشه‌ممه، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له په‌یامی پیرۆزباییه‌كه‌یدا بۆ سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌مه‌ریكا خوازیار بوو كه، ئەو یارمەتی و هاوپەیمانییەی پێشتر و به ئێستایشه‌وه له نێوان هه‌رێمی كوردستان و وڵاته یه‌كگرتووه‌كاندا هه‌یه، لە ئاییندەدا زیاتر بەردەوام و پتەوتر بێت. ڕاشیگه‌یاندبوو كه گەلی كوردستان چاوەڕوانی پشتیوانییەكی تەواو لە جەنابتان دەكات بۆ بەدیهێنانی مافە ڕەواكانی.
(په‌روێز ڕه‌حیم) له‌به‌ر ڕۆشنایی ئه‌م په‌یامه و سروشتی پێوه‌ندییه‌كانی نێوانیاندا ده‌ڵێ ''پرسی کورد بەپێی توانا و ئاستی بکەرایەتیی کورد و گرێدراوبوونی لەگەڵ بەرژەوەندییە ئاسایشی و ئابووری و سیاسییەکانی ئەمه‌ریکا لە ناوچەکەدا پێناسە دەکرێت، بۆیە بۆ ئیدارەی نوێی ئەمه‌ریکا، ھێز و توانای بکەرایەتیی کورد خۆی لە ھەموو فاکتەر و ھۆکارەکانی تر گرینگترە. بەم مانایە کە ئەمه‌ریکا کاتێک ددان بە ئەکتەریکدا دەنێت کە ئەم ئەکتەرە ببێتە بکەرێک لە پێشھاتە و ڕووداوەکاندا.'' به‌گوێره‌ی ئه‌م بۆچوونه‌ی ئه‌و شاره‌زایه‌ی سیاسه‌تیش بێ، ئه‌وا كورد ئه‌و كاره‌كته‌ره‌یه كه جێ بایه‌خی ئه‌و سه‌رۆكه نوێیه بێ، چونكه زیاتر له دوو ساڵه له جیاتی هه‌موو دنیا بۆ جیهانێكی ئازاد و دوور له توندوتیژی شه‌ڕی دڕه‌نده‌ترین و به‌هێزترین گرووپی تیرۆریستی كردووه و هه‌ر له‌سه‌ر ده‌ستی پێشمه‌رگه‌یش بوو ئوستووره‌ی داعش تێك شكا.
وه‌ك (په‌روێز ڕه‌حیم) باسی كرد، پرسەکانی تیرۆریزم و بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی و کۆکۆژ، ئاسایشی ئیسرائیل و پرسی ئاسایشی وزە و بەرژەوەندییەکانی ئەمه‌ریکا لەھەمبەر دەوڵەتانی تر(رووسیا و چین و ئێران) لە ناوچەکەدا، وەکوو پرەنسیپی سەرەکیی لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمه‌ریکادا لە ناوچەکە دەمێنێتەوە. سەرەڕای پرسی ئابووری و چۆنیەتیی کۆنترۆڵ و پەیوەندی لەگەڵ چین و ڕووسیا لەلایەک و داھاتووی پەیوەندی لەکەڵ ھاوپەیمانەکانی ئەمه‌ریکا وەک ئەورووپا و به‌ریتانیا و ناتۆ و...ھتد.
گوتیشی "سیاسەتی ئەمه‌ریکا (بە ھۆی کۆلەگەی ئابووریی ناوخۆیی ئەمه‌ریکا و پرسەکانی ئاسایش و ئابووری جیھانی) گۆڕانی ئەوتۆی بەسەردا نایەت و ئەوەی کە بۆ کورد گرینگە، ئەوەیە کە بتوانێت وەک دەرفەت و ھەلێک بۆ بەھێزبوونی خۆی سوودی لێ وەربگرێت و وەکوو ئەکتەرێکی یەک پارچە و بەھێز لە ھاوکێشەکانی ناوچەکەدا (بەتایبەت ئاسایش و وزە) بمێنێتەوە و رۆڵ ببینێت."
فایزە کۆیی




