نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی لە دۆناڵد ترەمپ دەکات

هەولێر-KDP.info- بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەك سەرۆكی ئەمەریكا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا پیرۆزبایی لە دۆناڵد ترەمپ كرد.
ئەمە دەقی پەیامەكەیە:
بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەك سەركۆماری داهاتووی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، بە ناوی خۆم و حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، پیرۆزبایی لە بەڕێز دۆناڵد ترەمپ دەکەم و هیوای سەركەوتنی بۆ دەخوازم.
ئەم هەڵبژاردنەی سەرۆكایەتیی ئەمەریكا لە کاتێکدایە کە ئێمە سەرقاڵی ئۆپەراسیۆنێكی فراوانین لە مووسڵ و دەوروبەری بۆ بنەبڕكردنی تیرۆرستانی داعش. خەڵكی هەرێمی كوردستانیش ئاگاداری ئەوەن كە پێشتر بەڕێز ترەمپ لە كاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكاندا پشتیوانیی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان و پیشمەرگە دووپات كردبووەوە و بە پەرۆشەوە چاوەڕێی جێبەجێكردنی ئەو پشتیوانییە دەكەن.
هاوپەیمانییەكی بەهێز لە شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش و توندڕەوی، لە نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریکا و هەرێمی کوردستاندا هەیە و هەرێمی كوردستان ئامادەیە بۆ هەر كار و ئەركێكی هاوبەش لەگەڵ ئەو هاوپەیمانە ئەنجامی بدات. لەمبارەیەشەوە بەپەرۆشەوە پێشوازی لە سەردانی سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمەریكا بۆ هەرێمی كوردستان لە داهاتوو دا دەكەین.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان
9-11-2016




