دەزگای بارزانی، هاوكاریی گەیاندە چیای شنگال، شێخان و كەمپی خازر

شنگال-KDP.info- دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە چوار چالاكیی جیادا و بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، بەرنامەی جیهانی خۆراك WFP، رێكخراوی نێودەوڵەتیی ئارامی بۆ فریاكەوتن و هاوپەیمانی جیهانی مەسیحی و موژدەبەخشەكان، هاوكاریی گەیاندە چیای شنگال، شێخان و كەمپی خازر.
2475 خێزانی ئێزدی جلوبەرگ و پێداویستی وەردەگرن
دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، لە كۆمەڵگاكانی زورافا و كوهبل و یورك و خانەسوور جلوبەرگ و پێداویستیی پاككەرەوەی بەسەر 2475 خێزانی ئاوارەی ئێزدیدا دابەش كرد.
رۆژی 9/11/2016 لە میانی دابەشكردنە بەردەوامەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ ئاوارەكانی سەر چیای شنگال و كۆمەڵگاكانی دەوروبەری، بە هاوكاری لەگەڵ وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراقی لە هەڵمەتێكی هاوبەشدا جلوبەرگی زستانە و پێداویستیی پاككەرەوەیان بەسەر 2475 خێزانی ئاوارەی ئێزدی لە كۆمەڵگاكانی زورافا و كوهبل و یورك و خانەسوور و گوندی ئەدیكادا دابەش كرد.
شایانی باسە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەسەر چیای شنگال ئۆفیسێكی تایبەت بە هاوكاریكردنی ئاوارەكانی سەر چیا و دەوروبەری كردووەتەوە و رۆژانە خۆراك و پێداویستیی ئاوارەكان دابین دەكات.

بەشەخۆراكی مانگانەی 1427 خێزانی ئاوارە دابەش دەكرێت
دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هەماهەنگی بەرنامەی جیهانی خۆراك WFP بەشەخۆراكی مانگانە بەسەر 1427 خێزانی ئاوارەی كەمپی گەرماوا لە سنووری شارۆچكەی شێخان دابەش دەكەن.
رۆژی 9/11/2016 لە درێژەی دابەشكردنی پرۆژەی هاوبەشی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و بەرنامەی جیهانی خۆراك كە تایبەتە بە دابەشكردنی بەشەخۆراكی مانگانە بەسەر ئاوارەی كەمپ و دەرەوەی كەمپەكان لە هەرێمی كوردستان، لە كەمپی گەرماوا لە شارۆچكەی شێخانی سەر بە پارێزگای دهۆك، بەشەخۆراكی مانگانەیان بەسەر 1427 خێزانی ئاوارەدا دابەش كرد كە هەر خێزانێك (نۆك، پاقلە، ساوار، شەكر، زەیت، خوێ، برنج)ـیان پێ دراوە.
شایانی باسە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی و بەرنامەی جیهانی خۆراك بەپێی پڕۆژەیەكی هاوبەش مانگانە خۆراكی مانگانە بەسەر نزیكەی 28.000 خێزانی ئاوارە لە كەمپ و دەرەوەی كەمپەكاندا دابەش دەكەن.

پێداویستیی خوێندن درایە 460 قوتابیی چیای شنگال
دەزگای خێرخوازیی بارزانی و رێكخراوی نێودەوڵەتی ئارامی بۆ فریاكەوتن، پێداویستیی خوێندن لە چیای شەنگال بەسەر 460 قوتابی قۆناغی بنەڕەتی دابەش دەكەن.
رۆژی 9/11/2016 لە میانی گرنگیدانی زیاتر بە پرۆسەی خوێندن و پەروەردە بۆ ئاوارە ئێزیدیەكانی سەر چیای شنگال، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوكاری لەگەڵ رێكخراوی نێودەوڵەتی ئارامی بۆ فریاكەوتن (ARAMIC RELEF INTERNATIONAL)، لە هەڵمەتێكی هاوبەشدا جانتا و پێداویستیی خوێندنیان بەسەر 460 قوتابیی قوتابخانەكانی (بارزانی و قەندیل) لە چیای شنگال دابەش كرد.
شایانی باسە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەسەر چیای شنگال لە ڕێگەی چەند رێكخراوێكی بیانییەوە دوو قوتابخانەی سەرەتایی و قوتابخانەیەكی ئامادەیی لە كەرەڤانە بۆ قوتابیانی سەر چیاكە دروست كردووە و ماوەی دوو ساڵە پرۆسەی خوێندن بەردەوامە و تاكو ئێستا نزیكەی 480 قوتابی لە سەرجەم قۆناغەكان تێیدا دەخوێنن.

لە كەمپی خازر هاوكاریكردنی ئاوارەكانی مووسڵ بەردەوامە
دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوكاری لەگەڵ هاوپەیمانی جیهانی مەسیحی و موژدەبەخشەكان (international christian and missionary alliance) و كۆمپانیای ئیڤان ڤێت خواردنی وشك و پێداویستیی پاككەروەیان بەسەر 902 خێزانی تازەئاوارەی كەمپی خازر دابەش كرد.
رۆژی 9/11/2016 لە درێژەی هاوكاریكردنی ئەو ئاوارانەی لە شاری مووسڵ و ناوچەكانی دەوروبەری روو لە كەمپی خازر دەكەن، دەزگای خێرخوازیی بارزانی رۆژانە 2 ژەمە خواردنی گەرمیان بەسەردا دابەش دەكات، هاوكات دابەشكردنی پێداویستییەكانی دیكەی ژیانیش بەسەر ئاوارەكاندا بەردەوامە، لەو میانەشدا دەزگا لەگەڵ هاوپەیمانی جیهانی مەسیحی و موژدەبەخشەكان (international Christian and missionary alliance) و كۆمپانیای ئیڤان ڤێت لەدوو هەڵمەتی جیادا خواردنی وشك و پێداویستیی پاككەرەوەو خواردنی لەقوتوونراویان بەسەر 902 خێزانی تازە ئاوارەی كەمپی خازر لە سنووری پارێزگای مووسڵ دابەش كرد.
شایانی باسە، ئەركی كارگێڕی و بەڕێوەبردنی كەمپەكە لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانیەوە بەڕێوە دەبرێن، رۆژانە كاری ناونووسكردنی ئاوارەكان و هاوكات دابەشكردنی شوێن و پەناگە و خواردنە جۆراوجۆرەكان بەسەر ئاوارەكاندا بە شێوەی هاوبەش ئەنجام دەدرێت.




