نێچیرڤان بارزانی: حكوومەتی هەرێم ڕەگەكانی توندوتیژی لەنێودەبات و كولتووری پێكەوەژیان و ئاشتیی كۆمەڵایەتی بەهێزتر دەكات

هەولێر-KDP.info- سەرۆکوەزیرانی کوردستان نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند ، ڕێگە نادرێت هیچ حزبێک بە تێکەڵکردنی سیاسەت و ئایین، خۆی بکاتە خاوەنی مینبەری مزگەوتەکان و بەناوی ئیسلامەوە بۆ بەرژەوەندی و ئەجێندای حزبیانەی خۆی بەكاریان بێنێت، بۆ ئەوەی ئەو بارودۆخەی عێراق کە بەهۆی هاندانی تایفی و مەزهەبییەوە هاتووەتە ئاراوە، لە هەرێمی کوردستان ڕوونەدات، هەروەها ڕوونکردنەوەی سەرجەم بنەما ئایینیەکان و هوشیارکردنەوەی خەڵک لە گوفتار و ڕەفتاری دوور لە بەها مرۆڤایەتییەکانی داعش و توندڕەوانی دیکەی بە تەوەرێکی جێی هەڵوەستەی کۆنفرانس لەقەڵەمدا.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ٨-١١-٢٠١٦ بە چاودێری و ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیران، پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی بە وەكالەت و ژمارەیەك لە وەزیر و پەرلەمانتار و كونسووڵ و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی لە هەرێمی كوردستان و مامۆستایانی ئایینی و بیرمەندانی سەرجەم ناوچەكانی هەرێمی كوردستان، لە شاری هەولێر كۆنفرانسی (بەرەو گوتاری ئایینیی هاوسەنگ لەسەر بنەمای مرۆڤدۆستی و ئاشتیی كۆمەڵایەتی) كە لەلایەن وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینەوە ڕێكخراوە، دەستی بە كارەكانی كرد.
لە کۆنفرانسەكەدا دوای وتاری وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی بە وەکالەت، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە وتارێکدا وێڕای دەستخۆشی لە ڕێکخەرانی ئەو کۆنفرانسە، هیوای خواست كۆنفرانسەكەیان بە بەرهەم و كارنامەیەكی گونجاو بۆ قۆناغی ئێستای هەرێمی کوردستان، بگاتە ئەنجام و ئامانجەكانی. بەڕێزیان، ئارامیی ئەمڕۆی کوردستانی بۆ خۆڕاگری و قارەمانێتیی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی کوردستان گەڕاندەوە لەبەرامبەر داعش وەک مەترسیدارترین ڕێکخراوی تیرۆریستیی جیهان و گوتی "پێشمەرگە بە ئەخلاقی بەرزی کە بە درێژایی شۆڕشەکانی کوردستان هەیبووە، بووەتە پارێزەری هەموو گەلان و پێکهاتەی ناوچەکە و سەربەرزیی گەلی کوردستان و ناوچەکە لە جیهاندا". بەو بۆنەیەشەوە، سڵاوی نارد بۆ گیانی پاکی شەهیدانی پێشمەرگەی کوردستان و کەسوکاریان و هەروەها هێزەکانی سوپای عێراق کە لەگەڵ هێزی پێشمەرگە و هاوپەیماناندا بەشداریی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنەوەی موسڵیان کردووە.
سەرۆکوەزیران گوتیشی کە، پاراستنی ناوبانگ و پێشكەوتن و ئارامیی كۆمەڵگەی كوردستانی بە ئەرکی گرنگی سەرشانی مامۆستایانی ئایینی دانا و بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە بوونی بیری دژایەتیكردنی ئایینەكانی دیكە و تەكفیركردن، گونجاو نییە لەگەڵ هیچ كۆمەڵگەیەكی مرۆڤانەدا، داوای لێکردن بە بیری ڕووناك و مرۆڤدۆستانە، بەشدار بن لە بەرەنگاری و بنبڕکردنی بیری توندڕەوی و تەكفیر و تیرۆر، هەروەها ڕووی لە مامۆستایانی ئایینی کرد کە ڕێگر بن لە بڵاوكردنەوەی بیری توندوتیژانە و بەحزبیكردن و بەسیاسیكردنی مینبەری مزگەوتەكان. لەو بارەیەوە، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بە ئەرکی بەردەوامی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی زانی وێڕای پابەندبوون بە بنەما مرۆڤایەتییەكانی ئایینی ئیسلام، بە بەشداری و پشتیوانیی مامۆستایانی ئایینی ڕێگە لە بڵاوبوونەوەی بیری توندوتیژی و توندڕەوانە بگرێت و ببێتە هۆی بەهێزتربوونی كولتووری پێكەوەژیان و ئاشتی كۆمەڵایەتی لە کوردستان. جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە ڕێگە نادرێت هیچ حزبێک بە تێکەڵکردنی سیاسەت و ئایین، خۆی بکاتە خاوەنی مینبەری مزگەوتەکان و بەناوی ئیسلامەوە بۆ بەرژەوەندی و ئەجێندای حزبیانەی خۆی بەكاریان بێنێت، بۆ ئەوەی ئەو بارودۆخەی عێراق کە بەهۆی هاندانی تایفی و مەزهەبییەوە هاتووەتە ئاراوە، لە هەرێمی کوردستان ڕوونەدات، هەروەها ڕوونکردنەوەی سەرجەم بنەما ئایینیەکان و هوشیارکردنەوەی خەڵک لە گوفتار و ڕەفتاری دوور لە بەها مرۆڤایەتییەکانی داعش و توندڕەوانی دیکەی بە تەوەرێکی جێی هەڵوەستەی کۆنفرانس لەقەڵەمدا.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە درێژەی وتارەکەیدا هۆكارە گرنگەكانی دروستبوونی داعشی لە تێكدانی پێكەوەژیانی ئایینی و مەزهەبی، دروستبوونی باڵادەستیی مەزهەبی و پشتگوێخستنی ئەوانی دیكە بەرجەستە کرد و نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەوەی کە تائێستا دانانی پلان و ڕێککەوتن لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان و هاوپەیمانان بۆ نەهێشتنی هۆكارەكان و زەمینەی سەرهەڵدانەوەی داعش و هاوشێوەکانی نەگەیشتووەتە ئەنجامێک. سەبارەت بە هاوکاریش لەپێناو دروستبوون و چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەکە، ئاماژەی بە ئامانجی نەتەوەیی و نیشتمانیی گەلی کوردستان و سەركردایەتیی هەرێمی كوردستان کرد کە خوازیاری ناوچەیەکی ئارام و سەقامگیرە و بە قوربانیدان و بەرگریی، هێزی پێشمەرگەی خۆی نیشانیداوە كە گەلێكی دژی تیرۆرە و ئامادەی هاوكارییە بۆ چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەكەدا.
مەترسیداربوونی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان و هەروەها نەبوونی ڕێککەوتنێکی سیاسی لە عێراق و جیهان بۆ ڕێگەگرتن لە سەرهەڵدانەوەی ڕێکخراوی هاوشێوەی قاعیدە و داعش، تەوەرێکی دیکەی وتارەکەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بوو و لەو بارەیەوە، دوای تیشک خستنە سەر ڕۆڵی پێشەنگی گەل و پێشمەرگە و سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لە ڕاگرتنی هێرش و تێكشكاندنی هێزی داعش لەسەر زەوی بە هاوکاریی وڵاتانی هاوپەیمانان، ئاماژەی بە گرنگیی ڕۆڵی مامۆستایان و زانایانی ئایینی کرد کە بتوانن بە دروستكردنی گفتوگۆیەكی زانستیی ئایینیانە و گرێدانی پەیوەندی لەگەڵ زانایانی پێشكەوتنخوازی وڵاتانی ئیسلامی و ناوەندەكانی لێكۆڵینەوە لە وڵاتانی جیهان، کار بکەن بۆ چەسپاندنی ئاشتی و دروستكردنی كارنامە و ستراتیژێكی جیهانی بۆ نەهێشتنی توندڕەوی لە ناوچەكە و جیهاندا. هەروەها بە دەستنیشانکردنی دیاردەکانی توندوتیژی، كولتوری لێبوردەیی و پێكەوەژیان لەناوخۆدا پەرەپێبدەن، چونکە پێكەوەژیان و لێبوردەیی ناوخۆیی، دەبێتە هۆی مسۆگەربوونی پشتیوانیی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی کوردستان.
لە کۆتایی وتارەکەیدا سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دامەزراندنی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی لە كوردستان، بەر لە ٤٦ ساڵ بە دەستپێشخەری مەلا مستەفا بارزانی سەرۆكی شۆڕشی كوردستان و بەشداری كاریگەری مامۆستا دیارەكانی ئەوكاتی هەموو ناوچەكانی كوردستانی بەبیر ئامادەبووان هێنایەوە کە ئەوکات توانییان ببنە هۆکاری یەکێتیی تەواو لەناو کۆمەڵگەی کوردستاندا، لەو ڕووەوە بەپێویستی زانی بە هەمان گیانی یەكگرتووییەوە پێكەوە كار بكەن لەسەر بنەما سەرەكییەكانی پێكەوەژیان و یەكگرتوویی، لەپێناو یەك گوتارییەكی دوور لە توندوتیژی ئایینی و مرۆڤدۆستانە و ئاشتییەكی سەقامگیری كۆمەڵایەتی.
دەقی وتاری نێچیرڤان بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان:
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
بەیانیتان باش مامۆستایانی بەڕێز، وەزیرەکان، کونسوڵگەرییەکانی وڵاتانی بیانی لە هەرێمی کوردستان، هەموولایەکتان بەخێر بێن بەسەرچاو...
زۆر خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەی بەڕێزدا بەشدارم لە كۆنفرانسی (بەرەو گوتاری ئایینی هاوسەنگ لەسەر بنەمای مرۆڤدۆستیی و ئاشتی كۆمەڵایەتی). ئەوە كۆنفرانسێكی گرنگە و لەكاتێكی گونجاودایە، دەستخۆشیتان لێدەكەم و هیوادارم كۆنفرانسەكەتان بە بەرهەم و كارنامەیەكی گونجاو بۆ قۆناخی ئێستامان، بگاتە ئەنجام و ئامانجەكانی.
بەڕێزان ...
ئێمە ئێستا بە ئارامی لێرە كۆبووینەتەوە لە ئەنجامی زیاتر لە دوو ساڵ خۆڕاگری و قارەمانێتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانی كوردستان لەبەرامبەر مەترسیدارترین ڕێكخراوی تیرۆریستیدا لە جیهان. پێشمەرگە ئازایەتییەكی زۆر گەورە دەنوێنێ بۆ پاراستنی كوردستان و تێكشكاندنی هێزی مەترسیداری داعش. ئەو ڕێكخراوە بە كاركردنی بەناوی ئیسلامەوە زیان بە ناوبانگی ئایینی پیرۆزی ئیسلام دەگەیێنێت، بەڵام پێشمەرگە بە ئەخلاقی بەرزی خۆی و بە تێكشكاندنی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش و بە پاراستنی هەموو گەلان و پێكهاتەكانی ناوچەكە، بووەتە مایەی سەربەرزی هەموو گەلی كوردستان و ناوچەكە و جیهان.
دیمەنەكانی نوێژكردنی بەكۆمەڵی پێشمەرگە لە بەیانییەكاندا بەر لە هێرشكردنە سەر هێزە داگیركەر و تیرۆریستەكانی داعش، دیمەنەكانی پێشمەرگە لە پاراستن و ڕزگاركردنی منداڵ و ژنانی گوندەكانی ژێردەسەڵاتی داعش، بەبێ گوێدانە ئەوەی كە سەر بە چ ئایین و نەتەوەیەكن، ئەوە نیشاندەدات كە پێشمەرگە خاوەن ئەخلاقێكی بەرزە، ئەو ئەخلاقەی كە بەدرێژایی شۆڕشەكانی كورد پەیرەو کراوە. لێرەوە سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدە قارەمانەكانمان و كەسوكاریان دەنێرین، بەڕاستی هەموومان قەرزداری قارەمانی و گیانفیدایی ئەو تێکۆشەر و خۆشەویستانەین، هەروەها لێرەوە سڵاو دەنێرین بۆ هێزەكانی سوپای عێراق، كە لەگەڵ هێزی پێشمەرگە و هاوپەیماناندا درێژە بە ئۆپەراسیۆنی ڕزگاركردنی موسڵ دەدەن.
مامۆستایانی بەڕێز ..
چاوەڕوانیی پێشمەرگە و هەموو گەلی كوردستان لە ئێوەیە بۆ ئەوەی بە بیری ڕووناك و مرۆڤدۆستانە، بەرەنگاری بیری توندڕەوی و تەكفیر و تیرۆر ببنەوە و بەشێوەیەكی چالاك لە بنبڕكردنیدا بەشداربن. گەورە پیاوانی ئایینیی ئێمە، هەموومانیان فێری پێكەوەژیان دەكرد لەگەڵ ئایینە جیاوازەكاندا و هەمووانیان فێردەكرد كە خەڵك لە قسە و ڕەفتاریان سەلامەت بن، لەبەرئەوەش بوونی بیری دژایەتیكردنی ئایینەكانی دیكە و تەكفیركردن، بەهیچ شێوەیەك گونجاو نییە لەگەڵ ئێمە و هیچ كۆمەڵگەیەكی مرۆڤانەدا. لەبەر ئەو ڕۆڵە گرنگەی ئێوە، پاراستنی ناوبانگ و پێشكەوتن و ئارامیی كۆمەڵگەی كوردستان، بەشێكی زۆری دەكەوێتە ئەستۆی ئێوەی بەڕێز .
لێرەدا دەمەوێ بەشێوەیەكی زۆر ڕاشكاوانە دوو خاڵ باس بكەم، ئەوانیش بڵاوكردنەوەی بیری توندوتیژی و بەحزبیكردن و بەسیاسیكردنن لە مینبەری مزگەوتەكانەوە. زۆر گرنگە ئێوە بەجیددی لەسەر ئەو دوو خاڵە بوەستن و گفتوگۆی لەسەر بكەن، بۆ ئەوەی ڕێگەی لێبگرن. حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەهەموو شێوەیەك پابەندە بە بنەما مرۆڤایەتییەكانی ئایینی ئیسلامەوە، بەڵام لە هەمانكاتدا دژی ئەوەیە ئایینی ئیسلام و مینبەری مزگەوتەكان بكرێنە ئامراز و شوێنی بڵاوكردنەوەی بیری توندوتیژ و توندڕەوی. ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستانە ڕێگە لەگەرا داكووتانی توندوتیژی بگرێت و لە ڕێگەی پرۆگرامەكانی پەروەردە و مزگەوت و هەموو شوێنە ئایینی و زانستی و پەروەردەییەكانەوە ڕەگەكانی توندوتیژی لەنێوببات و كولتووری پێكەوەژیان و ئاشتیی كۆمەڵایەتی بەهێزتر بكات. حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕابردوودا ئەوەی كردووە و ئێستاش بەردەوام دەبێت، بەڵام ئەوە بەشداری و پشتیوانییەكی بەردەوامی ئێوەی بەڕێزی پێویستە. هەروەها ئەركی حكومەتە چاودێریی هەموو شوێنەكان بكات، لەوانەش مزگەوتەكان، بەڵام بەهیچ شێوەیەك ڕێگە پێدراو نییە هیچ حزبێك خۆی بكاتە خاوەنی ئەو مینبەرانە و بەناوی ئیسلامەوە بۆ بەرژەوەندی و ئەجێندای حزبیانەی خۆی بەكاریان بێنێت. ئەو مامۆستا ئایینیانەی ئەوە دەكەن، كۆمەڵگەی ئێمە بەرەو لێكترازانی ناوخۆیی و تێكدانی ئاشتیی كۆمەڵایەتی هاندەدەن و سیاسەت دەخەنە ناو ئایینەوە، ئەوەش پێچەوانەی هەموو بنەما ئایینی و یاساییەكانە و ئەركی دەزگا پەیوەندیدارەكانە ڕێگەیان لێبگرن . نابێ هیچ مامۆستایەكی ئایینی و هیچ حزبێك ڕەوایی بداتە كاری حزبیی خۆی و دژایەتی حزبێكی دیكە بكات لەژێر ناوی پیرۆزی ئیسلامدا.
لەعێراقدا هاندانی تایفی و مەزهەبی بارودۆخی عێراقی گەیاندووەتە ئەو ڕۆژگارە خراپەی ئێستا دەیبینین، نامانەوێ ئەوە بەشێوەیەكی دیكە لە هەرێمی كوردستان دووبارە ببێتەوە. خەڵك لە مزگەوتدا دەبێ بەپێی بنەما پیرۆزەكانی ئایینی ئیسلام هانبدرێن بۆ پاكی و لێبووردەیی و پێكەوەژیان، نەك بۆ دووبەرەكی و كردنی خەڵك بە بەشێك لە ناكۆكییە سیاسییە حزبییەكان .
بەڕێزان ..
داعش لەڕووی سەربازییەوە لە تێكشكانێكی بەردەوامدایە، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەو زەمینەیە نەهێڵدرێت كە داعشی دروستكرد، ئەوە بۆ ئێمە زۆر گرنگە، چونكە موسڵ كە كرابووە پایتەختی داعش دەكەوێتە تەنیشت ئێمەوە و، هەروەها دڕندەیی هەرەگەورەی داعشیش لە كوردستان بوو، لەپێش هەمووشیانەوە ڕفاندن و بردنی خوشكان و دایكان لە كوردانی ئێزدی، دەبێ لەسەر ئەو دڕندەییە بوەستن و لەڕووی ئایینییەوە دژبوونی لەگەڵ گشت بنەما ئایینییەكان بۆ هەمووان زۆر بەتەواوی ڕوونبكەنەوە. لەبەرئەوەی هوشیاركردنەوە ڕێگەیەكی سەرەكییە بۆ هەڵنەخەڵەتانی هیچ كەسێك بە گوفتار و ڕەفتاری دوور لە ئایینیانە و دوور لە بەها مرۆڤایەتییەكانی داعش و ڕێكخراوە توندڕەوەكانی دیكە .
بەڕێزان ..
داعش شاری موسڵی كردە شوێنی ڕاگەیاندنی دەسەڵاتەكەی و كردییە پایتەختی دەسەڵاتەكەی . ڕاستە ئێستا هێزەكانی عێراق لە هەموو لایەكەوە هێرشی بۆ دەكەن بۆ ئەوەی لەژێر دەستی داعش ڕزگاری بكەن و، ئینشاڵڵا بە پشتیوانیی خوای گەورە لە ماوەیەكی كەم و بەكەمترین زیان ڕزگاری دەكەن، بەڵام هەڵوەستەكردن لەسەر هۆكارەكانی سەرهەڵدانی داعش و گەشەكردن و مانەوەی بۆ زیاتر لە ٢٩ مانگ لە موسڵ و شوێنی دیكە مایەی لێكۆڵینەوە و ڕاوەستانە. تێكدانی پێكەوەژیانی ئایینی و مەزهەبی، دروستبوونی باڵادەستیی مەزهەبی و پشتگوێخستنی ئەوانی دیكە بەشێك بوون لە هۆكارە گرنگەكانی دروستبوونی داعش و دەستگرتنی لەماوەیەكی كەمدا بەسەر شوێن و چەكەكانی ٦ فیرقەی سوپای عێراقدا، پرسیاری گرنگ ئەوەیە ئایا ئێستا پلان و سیاسەتێك هەیە بۆ نەهێشتنی هۆكارەكان و زەمینەی سەرهەڵدانەوەی داعش؟ ئەوەی بۆ ئێمە لە هەرێمی كوردستان لە سەرەتاوە جێگەی بایەخ بووە لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان و هاوپەیماناندا، دانانی پلان و ڕێككەوتنێك بووە بۆ نەهێشتنی ئەو زەمینەیە و دروستكردنی بارودۆخێكی گونجاو لەگەڵ ئارەزووەكانی خەڵكی ئەو ناوچانەدا بۆ ئەوەی داعش و هاوشێوەكانی جارێكی دیكە سەرهەڵنەدەنەوە. بەداخەوە تائیستا لەو ڕووەوە نەگەیشتووینەتە ئەنجام.
سەركردایەتیی هەرێمی كوردستان خاوەن ئامانجی نەتەوەیی و نیشتمانییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەو باوەڕەدایە كە بەرژەوەندیی گەلی كوردستان لەوەدایە دراوسێی ناوچەیەكی ئارام و سەقامگیر بێت، نەك لەگەڵ ناوچەیەک دراوسێ بێت کە پڕ بێت لە ناکۆکی ناوخۆیی و تایفی. گەلی كوردستان و سەركردایەتیی سیاسیی هەرێمی كوردستان، بە قوربانیدان و بەرگریی هێزی پێشمەرگەی خۆی نیشانیدایەوە كە گەلێكی دژی تیرۆرە و ئامادەیە بۆ ئەوپەڕی هاوكاریكردن لەپێناو دروستبوون و چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەكەدا، ئەمەش لە فیكر و مێژووی نەتەوەی كورد لە پێكەوەژیان و هاوكاری لەگەڵ گەلانی دیكەدا سەرچاوە دەگرێت .
مامۆستایانی ئایینی بەڕێز ..
كردەوە تیرۆریستییەكانی ڕێكخراوی قاعیدە و دوای ئەویش داعش، نیشانیاندا كە ئەو ڕێكخراوانە تەنیا مەترسی نین لەسەر ئەو وڵاتانەی كە ئەو ڕێكخراوانەیان تێدا دروست دەبن، بەڵكو مەترسین بۆ سەر هەموو جیهان. لەبەرئەوەش كە تائێستا ڕێككەوتنێكی سیاسی نییە لە عێراقدا بۆ عێراقی دوای داعش، هەروەها ڕێككەوتنێكی سیاسیی جیهانیش نییە بۆ ڕێككەوتن لەسەر فۆرموولەیەكی تازە بۆ ناوچەكە بۆ ئەوەی ڕێگە لە سەرهەڵدانی ڕێكخراوی دیكەی لەو شێوەیە بگیرێت، ڕۆڵی ئێوەی مامۆستایان و زانایانی ئایینی زۆر گرنگە لە دروستكردنی گفتوگۆیەكی زانستیی ئایینی بۆ وشككردنی سەرچاوەكانی توندڕەوی و هاندانی سیاسییەكان بۆ دانیشتن و ڕێككەوتن لەسەر پلانی تازەی بەڕێوەبردن بۆ ناوچەكە . بۆ ئەو مەبەستەش زۆر گرنگە پەیوەندیتان لەگەڵ زانایانی پێشكەوتنخوازی وڵاتانی ئیسلامی و ناوەندەكانی لێكۆڵینەوە لە وڵاتانی جیهان هەبێت، بۆ مشتوماڵكردنی بۆچوونێكی فراوان لەپێناو دانانی پلانێكی فراوان بۆ نەهێشتنی توندڕەوی و دروستكردنی ئاشتی لە ناوچەكەدا .
گەل و پێشمەرگە و سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ڕۆڵی پێشەنگیان هەبوو لە ڕاگرتنی هێرش و تێكشكاندنی هێزی داعش لەسەر زەوی بە یارمەتی هاوپەیمانان و وڵاتانی یارمەتیدەر، لە بەرژەوەندی گەلی كوردستان و ناوچەكەشدایە ئێوەش بەشدارییەكی چالاكتان هەبێت لەگەڵ زانایان و لێكۆڵەرانی جیهان بۆ دروستكردنی كارنامە و ستراتیژێكی جیهانی بۆ نەهێشتنی توندڕەوی لە ناوچەكە و جیهاندا .
بەڕێزان ..
توندوتیژی سەرچاوەگرتوو لەناوچەكانی دەوروبەری كوردستان لەو ساڵانەی دواییدا ، سەدان هەزار كوژراو و ملیۆنان ئاوارە و ماڵوێرانی لێكەوتووەتەوە، ئەوەی بەچاوی خۆمان دەیبینین دەبێ هانمان بدات كە زیاتر كولتووری لێبووردەیی و پێكەوەژیان لەناوخۆماندا پەرەپێبدەین . لەبەرئەوەش دەبێ بەدوای هەموو خاڵ و دیاردەكانی توندوتیژیدا بگەڕێین لەناو كۆمەڵگەی خۆماندا، دەبێ زۆر بەجورئەتیشەوە دەستنیشانیان بكەین. دەبێ بەدوای نەهێشتنی توندتیژییەکانەوە بین لە گوتارە ئایینیەکاندا، لە پرۆگرامی خوێندندا، لە كولتووری خۆمان و ژیانی ڕۆژانەماندا.
كولتووری پێكەوەژیانمان پێشكەوتن بۆ كۆمەڵگەی ئێمە دەستەبەر دەكات، هیچ كۆمەڵگەیەكی توندوتیژ لەنێوخۆیدا بە ئارامی نەژیاوە و پێشنەكەوتووە. لە هەمانكاتدا پێكەوەژیان و لێبووردەیی نێوخۆیی ، پشتیوانی نێودەوڵەتیشمان بۆ مسۆگەر دەكات، هەموومان لەبیرمانە ئەو شەوەی بەڕێز باراك ئۆباما سەرۆكی ئەمریكا، دەستپێكردنی هێرشە ئاسمانییەكانی بۆ پاراستنی هەولێر و گەلی كوردستان ڕاگەیاند، چۆن ئەوەی زەقكردەوە كە گەلی كوردستان بە كولتووری بەهێزی پێكەوەژیان، ژیانێكی نموونەییان لە ناوچەكەدا دروستكردووە و دەبێ بیپارێزین.
ئامادەبووانی بەڕێز ..
پێش ٤٦ ساڵ ، كاتێك یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی لە كوردستان، بە دەستپێشخەری مەلا مستەفا بارزانی سەرۆكی شۆڕشی كوردستان و بەشداری كاریگەری مامۆستا دیارەكانی ئەوكاتی هەموو ناوچەكانی كوردستان دامەزرا، چۆن یەكێتی زانایان بووە هۆكارێكی یەكێتییەكی تەواو لەناو كۆمەڵگەی كوردستاندا، ئێستاش پێویستە بەهەمان گیانی یەكگرتووییەوە پێكەوە كاربكەین لەسەر بنەما سەرەكییەكانی پێكەوەژیان و یەكگرتوویی، لەپێناو گوتارێكی یەکگرتووی دوور لە توندوتیژی ئایینی و مرۆڤدۆستانە و ئاشتییانە بۆ سەقامگیری كۆمەڵایەتی لە کوردستاندا.
هەر سەركەوتووبن و چاوەڕێی ئەنجامە باشەكانی كۆنفرانسەكەتان دەكەین و سوپاستان دەکەم بۆ ئامادەبوونتان.




