خالید عەلی: دوژمنی سەرەكیی پەیەدە، پرسی نەتەوەیی كوردە

ھەولێر-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا دەڵێت، دوژمنی سەرەكیی پەیەدە، پرسی نەتەوەیی كوردە، بۆیە ئەوان دژایەتیی ھەرێمی كوردستان دەكەن، چونكە خاوەن پڕۆژەیەكی نەتەوەییە بۆ ھەر چوار پارچەی كوردستان".
(خالید عەلی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پرۆسەی گرتنی ئەندامانی ئەنەكەسە بەردەوامە و لە ئێستادا زیاتر لە ٤٠سەركردەی ئێمە لە زیندانەكانی پەیەدەدان، بە بێ ئەوەی ھیچ تاوانێكیان ئەنجام دابێت و ھۆكاری گرتنیشیان تەنھا لەسەر بیروڕای سیاسییە وھیچی دیكە نییە، چونكە ھەر دوێنێ ئەندامێكی ئێمەیان ئازاد كردووە كە ماوەی سێ مانگە لە زینداندا بووە و ھیچ تاوانێكی لەسەر نەبووە و لە كاتی دەستگیركردن و ئازادكردنیشی ھیچ پرسیارێكیان لێ نەكردووە".
(عەلی) گوتیشی: "پەیەدە پیلانێكی ھەیە كە دوژمنی سەرەكیی ئەوان لە رۆژھەڵاتی ناوەراست پرسی نەتەوەییی كوردییە كە ئەویش (سەرۆك بارزانی) سەر پەرشتی دەكات، بۆیە ئەوان دژایەتیی ھەرێمی كوردستان دەكەن، چونكە خاوەن پڕۆژەیەكی نەتەوەییە بۆ ھەر چوار پارچەی كوردستان".
ئهو ئەندامهی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد دەشڵێ، پەیەدە بە ئاشكرا باس لەوە دەكات پرسی نەتەوەیی پرسێكی پاشكەوتووە و دژی پلانی ئەوانە، چونكە ئەوان بە ھەموو پرسێكی نەتەوەیی بۆ وڵاتان رازین تەنھا بۆ كورد نەبێت، بۆیە ترسی گەورەی ئەوان سەركەوتنی پرسی نەتەوەیی كوردە.
بڵند ئیبراھیم




