كاكەیی: سەرقاڵی پاككردنەوەی باشیكین لە بۆمب و تەقەمەنی.. پلانێكی نوێمان بەكار هێنا

باشیك-KDP.info- فەرماندەی كەتیبەی ئەندازەی سەربازیی سەر بە فەرماندەیی هێزەكانی پشتیوانیی یەك ڕایدەگەیێنێت، تیمەكانی مینهەڵگرتنەوە دەستیان كردووە بە پاككردنەوەی باشیك و لە رۆژانی داهاتوویشدا بەردەوام دەبن، هەوڵیش دەدەن بە زووترین كات شارۆچكەی باشیك لە مین و بۆمب پاك بكەنەوە.
لیوا (مەحموود كاكەیی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "تیمەكانمان لە كەتیبەی ئەندازەی سەربازیی سەر بە هێزەكانی پشتیوانیی یەك، دوێنێ دووشەممە بە پێنج تیم لە پێش هێزەكانی پێشمەرگە بەشداریمان كرد لە پاككردنەوەی رێگای هێزەكانی پێشمەرگە لە مین و بۆمبی چێنراو لەنێو شارۆچكەی باشیك و بە سەركەوتووانە ئەركەكانمان جێبەجێ كرد".
(كاكەیی) گوتیشی: "لە ئازادكردنی باشیك پلانێكی نوێمان بەكار هێنا كە سەركەوتنێكی باشی بە دەست هێنا و لە قۆناغی یەكەم رێگاوبانەكانمان پاك كردەوە و لە قۆناغی دووەمیش لە رۆژانی داهاتوودا بەردەوام دەبین و هەوڵ دەدەین بە زووترین كات شارۆچكەی باشیك لە مین و بۆمب پاك بكەینەوە، بە تایبەت رێگا سەرەكییەكان".
نەشوان بەرزنجی




