٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فەرهاد كەركووكی: دەوڵەت هه‌ن دەستیان لە تێكدانی رەوشی كەركووكدا هەیە

سەرچاوە: KDP.info

كەركووك-KDP.info- بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان  له‌ سنووری پارێزگای كه‌ركووك دەڵێ، شەوی رابردوو تیرۆریستانی داعش لە دەوروبەری كەركووك پیلانی تەقاندنەوەی كێڵگە نەوتییەكانیان داڕشتبوو، بەڵام  گشت چەكدارەكان لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانەوە كوژران. ئاشكرایشی ده‌كات، چەندین دەوڵەتی ناوچەكە دەستیان لە تێكدانی رەوشی ئەمنیی شاری كەركووكدا هەیە.

دكتۆر (فەرهاد كەركووكی) ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی لە پارێزگای كەركووك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "هێشتا شانەی نووستووی داعش لەنێو شاری كەركووكدا هەن و هەموو هەوڵێك بۆ تێكدانی رەوشی شارەكە دەدەن، بەڵام ئەگەرچی لێرە و لەوێ جموجۆڵیشیان هەبێت، ئەوا ناتوانن رووداوەكانی رابردوو دووبارە بكەنەوە، چونكە گشت رێوشوێنی ئەمنی گیراونەتە بەر.''

(كه‌ركووكی) بێئه‌وه‌ی ناوی هیچ یه‌كێكیان ئاشكرا بكات جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، ''چەندین دەوڵەت دەستیان هەیە لە تێكدانی رەوشی ئەمنیی شاری كەركووكدا، ئەوەیش راستییەكە پێویستە ئاشكرا بكرێت، كە چۆن هه‌ندێك له‌ وڵاتان هەوڵی تێكدانی كەركووك دەدەن و چ پیلانێك دژی كەركووك بەڕێوە دەبەن".

ده‌رباره‌ی دۆخی ئه‌منیی شاره‌كه‌ ئەندامەكەی سەركردایەتیی پارتی گوتیشی: "شەوی رابردوویش تیرۆریستانی داعش پیلانیان داڕشتبوو تا بیرە نەوتەكانی كەركووك بتەقێننەوە، بەڵام هەرزوو دەزگا ئەمنییەكان پیلانەكەیان ئاشكرا كرد و هەر شەش چەكداری داعش ئەوانەی بەشدار بوون لە جێبەجێكردنی پیلانەكە كوژران، هێشتا لە دەوروبەری شاری كەركووك و ناوچە عەرەبنشینەكان چەكداری داعشی تێیدا ماوە و دەیانەوێ كردەوەی تیرۆرستی ئەنجام بدەن".

(كەركووكی) ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد: "بە هۆی فرەپێكهاتەیی شارەكەوە، كۆنتڕۆڵكردنی كەركووك وەك شارەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان ئاسان نییە و چەندین بارەگای حزبی سیاسی تێدایە، چەندین هێزی سەربازی و ئەمنی جیاوازی هەیە، شانە نوستووەكان لە دەرفەت دەگەڕێن، عەرەبی زۆری لێیە و لەگەڵ ئاوارەكان چەكداری داعش هاتوونەتە نێو كەركووك، بەشێك لە عەرەبەكانی شارەكەیش هاوسۆزی داعشن، بە كورتییەكەی داعش خەڵكی هەیە لەنێو شاری كەركووك، لەبەر ئەوەیش تا ئەو خەڵكە مابێت رەوشەكە ئارامی بە خۆیەوە نابینێ، بەڵام وەك ئەوەی پێشووتر رووی دا، زەحمەتە دووبارە ببێتەوە و بەو قەبارەیە داعش بێتەوە نێو كەركووك".

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار