هەژمارنەكردنی ساڵی خوێندن تەنیا سنووری بایكۆت دەگرێتەوە
__2016_11_07_h18m32s24__HK.jpg)
هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، مەترسیی هەژمارنەكردنی ساڵی خوێندن لە سنووری بایكۆت هەیە و ئەگەر بڕیارێكی لەو شێوەیەش درا ئەوە تەنیا سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە دەگرێتەوە و سنووری هەولێر و دهۆك ناگرێتەوە.
(شوكریە شێخانی) ئەندمی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند:"پڕۆسەی خوێندن لە هەرێمی كوردستان لە مەترسیدایە، چونكە ئەگەر لەمەبەدواوە بایكۆت لە سنووری هەڵەبجە و سلێمانی بەردەوام بێت، ئەوە ساڵێكی خوێندن لە قوتابیان دەچێت و ئەمساڵ بۆیان هەژمار ناكرێت، چونكە تا ئێستا بەهۆی بایكۆتەوە خوێندن لە سنووری دوو پارێزگاكە دەستی پێ نەكردووە."
شێخانی ئەوەشی خستە ڕوو: "پێویستە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران چارەسەرێكی بەپەلە بۆ شكاندنی بایكۆت و دەستپێكردنی پڕۆسەی خوێندن بدۆزێتەوە، بەڵام ئەگەر بێت و ساڵی خوێندن هەژمار نەكرێت ئەوا تەنیا سنووری بایكۆت دەگرێتەوە و سنووری پارێزگای هەولێر و دهۆك ناگرێتەوە، چونكە لەو دوو پارێزگایەدا دەوام دەكرێت و پڕۆسەكە بەڕێوە دەچێت."
قائید میرۆ




