جاف: خەریکی دانوستانین بۆ دیاریكردنی بوودجەی پێشمەرگه

بەغدا -KDP.info- نوێنەرە كوردێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خەریکی دانوستانن بۆ دیاریكردنی پشكی بوودجەی پێشمەرگە لە بوودجەی وەزارەتی بەرگریی عێراقدا و دەشڵێ، پێویستە بەشی پێشمەرگە لەسەر هێزی وشكانیی عێراق دیار بێت و ڕەوانەی هەرێمی كوردستان بكرێت.
دكتۆر (ئەشواق جاف)، ئەندامی فراكسیۆنە پارتییەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە ئاگاداری ناردنی هیچ پارەیەك نین بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە بەغداوە، چونكە بەپێی پڕۆژەبوودجەی گشتیی عێراق نییە و بەپێی ڕێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدایە، لەبەر ئەوەی بە گوێرەی بوودجەی عێراق پێویستە پشكی پێشمەرگە لە هێزی وشكانیی عێراق سەر بە وەزارەتی بەرگری بێت، كێشە ئەوەیە وەزارەتی بەرگری پێی ڕاگەیاندوون هیچ بوودجەیەك دیاری نەكراوە كە پشكی هێزی وشكانییە یان هێزی ئاسمانییە، بۆیە پێویستە پەرلەمان دیاری بكات ئەو پارەیەی بۆ هێزی وشكانی دانراوە چەندە".
)جاف) گوتیشی: "ئێمە ئێستا دانوستان لەبارەی دیاریكردنی پشكی پێشمەرگە دەكەین لەسەر بوودجەی وەزارەتی بەرگریی عێراق، ڕاستە پشكی هێزی پێشمەرگە وەك پار دیاری كراوە، بەڵام پێویستە پەرلەمان لە كاتی پەسەندكردنی بوودجە ئەو پشكەی بۆ پێشمەرگە پێویستە ڕەوانە بكرێت، دیاری بكات، ئەگەر دیاری نەكرێت، دیسان ڕەوانەی ناكەن".
قائید میرۆ




