٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حكوومەتی هەرێم وەڵامی راپۆرتی هیومان رایتس وۆچ و ئەمنستی ئینتەرناشناڵ دەداتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ، رۆژی 3/11/2016 بە ناوونیشانی (دەركردنی عەرەب لە كەركووك لەلایەن هێزە كوردییەكان) و رێكخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ رۆژی 7/11/2016 بە ناوونیشانی (عێراق: هێزە كوردییەكان بە بلدۆزەر خانووی عەرەبەكانی كەركووك خاپوور دەكەن و بە سەدان عەرەب لە كەركووك دەردەكەن)، دوو راپۆرتیان بڵاو كردەوە و تێیدا باس لە دەركردنی زۆرەملێی راگوێزراوە عەرەبەكان لە كەركووك و تێكدانی ماڵەكانیان دەكەن لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی شاری كەركووكەوە.

 

لەم بارەیەوە لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان لە ئەنجوومەنی وەزیران رایدەگەیێنێت، بەپێی سەرچاوە ئیداری و ئەمنی و سەربازییەكانی ناوچەكە هەندێك كەس كە لە كەركووك نیشتەجێن خزم و كەسیان لە ریزەكانی داعشن و هاوكارییان دەكەن و لەم رووەوە بەڵگەی تەواویان لە بەردەستدایە، هەروەها لە ناوچەكانی تەماسی نێوان هێزی پێشمەرگە و داعش، كارگەی درووستكردنی بۆمبیان دامەزراندبوو و دواتر بۆمبەكانیان چاندووە، لەلایەكی دیكەوە خەڵكی ژمارەیەك لە گوندەكان هاوكاری داعشیان كردووە و لە كاتی هێرشەكانیان پێشوازییان لێیان كردووە، لەوانە خەڵكی هەردوو گوندی (قوتان و قاشقایا) لەو دوو گوندە مەفرەزەكانی داعش چەندین جار هێرشیان كردووەتە سەر هێزەكانی پێشمەرگە، ئەم دوو گوندەیش لە بنەڕەتدا گوندی تەعریبكراون و خاوەنە رەسەنەكانی كورد و توركمانن و ئێستا داوای زەوییەكانیان و قەرەبووكردنەوە دەكەن.

 

(دیندار زێباری)، سەرۆكی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان، سەبارەت بەم دوو گوندە رایگەیاند، لە گوندی قوتان (68) خانوو هەبووە لەوانە (32) تێك دراون و هۆكاری تێكدانەكەیشیان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە تیرۆریستانی داعش خۆیان تێدا حەشار دابوو و شەڕی پێشمەرگەیان كردووە و ئەو خانووانە بە شێوەیەك ئامادە كرابوون كە قەنناسبەدەستەكانی داعش تێیاندا پێشمەرگەیان كردووەتە ئامانج، بۆیە لە كاتی شەڕدا خانووەكان دووچاری وێرانكردن بوونەتەوە بە هۆی بۆردوومانی سەربازییەوە. بۆیە ئێستا بەشێكی خەڵكەكەی لە كەمپەكان نیشتەجێ كراون و بەشێكی دیكەیشیان روویان لە شاری كەركووك كردووە بۆ سەلامەتیی خۆیان و نەهێشتنی مەترسی لەسەر هێزەكان لە بەرەكانی جەنگ. سەبارەت بە گوندی (قاشقایا) هیچ خانووەكی تێك نەدراوە، بەڵام لەبەر ئەوەی رۆژانەی چەكدارانی داعش هاتوونەتە نێو ئەو گوندەوە و بە زۆر هەوڵیان داوە خەڵكی گوندەكەیان بۆ مەرامی سەربازیی تایبەتی خۆیان بەكاریان هێناوە، بۆیە بۆ دەرباز بوون لە كاریگەرییەكانی داعش لەسەریان بە رەزامەندیی خەڵكی گوندەكە خۆیان گواستراونەتەوە بۆ كەمپەكان و بەشێكیان لە نێو شاری كەركووكن.

 

سەبارەت بەو راگوێزراوانەی لە نێو شاری كەركووكەوە گواستراونەتەوە بۆ نێو كەمپەكان، سەرۆكی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان رایگەیاند كە، بەپێی ئەو زانیارییانەی لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی كەركووك وەرگیراوە ئەو ئاوارانەی بەم دواییە گواستراونەتەوە بۆ كەمپەكان دانیشتووانی كەركووك نین، بەڵكو خەڵكی دیالە و تكریت و ئەنبار بوون و لە بنەڕەتدا لەخانوودا نەبوون، بەڵكوو لە شوێنێكی كاتی و لە بن تەنەكەدا دەژیان كە جگە لەوەی سیمای شاری كەركووكیان ناشیرین كردبوو و زەرەر و زیانیشیان بە خزمەتگوزاریی شارەكە گەیاندووە سەرەڕای مەترسییە ئەمنییەكان، گەڕەكی (منسیە)ـیان بە زیادەڕۆیی دروست كردبوو لەسەر رێگای گەڕەكی (یەكی حوزەیران)، دروستكردنی ئەم گەڕەكە لەلایەن گرووپە تیرۆریستییەكانەوە بە نەرێنی قۆزرایەوە بۆ تێكدانی سەقامگیری و ئاساییشی شارەكە، بۆیە پێشتر حكوومەتی ئیتیحادی و ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك و پارێزگاری كەركووك بڕیاریان دابوو كە ئەم گەڕەكە تێك بدرێت و مۆڵەتی دوو مانگیان بە خەڵكەكەی دا بۆ ئەوەی چۆڵی بكەن و بگەڕێنەوە بۆسەر زێدی خۆیان، چونكە زۆربەی ئەوانەی لەو گەڕەكە نیشتەجێ بوون ناوچەكانیان رزگار كراوە، هەروەها (سەلیم جبووری) سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە كاتی سەردانی بۆ شاری كەركووك لەم دواییەدا داوای لە دانیشتووانی ئەم گەڕەكە كرد كە بگەڕێنەوە بۆ پارێزگاكانی خۆیان.

 

ئەم گەڕەكە هەڕەشەیەك بوو بۆ سەر ئاساییشی شاری كەركووك و شانەی نووستووی تیرۆریستانی داعش خۆیان تێدا حەشاردا بوو  و لەو هێرشەی كە رۆژی 21/10/2016 لە شاری كەركووك ئەنجام درا چەكدارانی داعش لەو گەڕەكەوە تەقەیان لە هێزەكانی پێشمەرگە كرد، بۆیە بڕیاری گواستنەوەی ئەم گەڕەكە لەلایەن پۆلیسی كەركووك ئەنجام دراوە و بڕیارەكەیش بەر لەو هێرشەی ئەم دواییەی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر شاری كەركووك درا بوو و بڕیارێكی ئیدارییە نەك سەربازی.

 

سەبارەت بە دەركردنی عەرەبەكانی شاری كەركووك لە ناوچەكانی خۆیان، سەرۆكی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان دووپاتی دەكاتەوە كە كەركووك شارێكی فرەپێكهاتەیە لە رووی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبییەوە و لایەنە پەیوەندیدارە حكومیەكان هەوڵ دەدەن مافی گشت پێكهاتەكان پارێزراو بێت بەبێ رەچاوكردنی پێكهاتەی ئایینی و نەتەوەیی و لەم رووەوە هاووڵاتییە عەرەبەكانی دانیشتووی كەركووك بە ئازادی دەژین و لە رووی یاساییەوە گشت مافێكیان هەیە وەك هەموو پێكهاتەكانی دیكەی شارەكە و لەلایەن هێزە ئەمنییەكان پارێزراون، ئەمەش پێچەوانەی ئەو ئیدیعایانەیە كە لە هەردوو راپۆرتی رێكخراوی (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ و هیومان رایتس وۆچ)ـدا هاتووە و پێمان وایە نەدەبوو راپۆرتەكان‌ بەو شێوەیە گشتگیر بن، چونكە لە راستیدا هیچ بەرنامەیەك نییە  بۆ دەركردنی عەرەبە رەسەنەكانی ئەم شارە كە رۆڵێكی سەرەكییان هەبوو لە بەرپەرچدانەوەی هێرشی ئەم دواییەی تیرۆریستان داعش، دەزگا ئەمنییەكان نەك عەرەبە رەسەنەكانی كەركووك تەنانەت عەرەبە ئاوارەكانیش دەرناكەن و ماڵەكانیان تێك نادەن، بەڵام هێزە ئەمنییەكانی شارەكە و پۆلیس خەڵكی ئەو خانووانەی كە بە زیادەڕۆیی دروست كراون گواستۆتەوە كە لە بنەڕەتدا لە خانووی سەفەری دەچوون و بە تەنەكە و چەند پارچە ئاسنێك دروست كراون، هەروەك پێشتر ئاماژەمان پێ داوە لە بەشێكی ئەم خانووانەدا تیرۆریستانی داعش خۆیان حەشار دابوو و دژی هێزەكانی  هێزە ئەمنییەكان شەڕیان كردووە ئەمەیش هۆكارێك بوو بۆ گواستنەوەیان.

 

(زێباری) گوتیشی، بەشێك لە راگوێزراوانی دیالە و تكریت و ئەنبار لە كاتی جێهێشتنی زێدی خۆیان ئەم خانووانەیان دروست كردبوو و ئەندامانی سوننەی ئەنجوومەنی نوێنەران داوای لێ كردوون كە بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان بە تایبەتی ئەوانەی كە ناوچەكانیان رزگار كراوە، بۆ ئەم مەبەستەیش مۆڵەتی دوو مانگیان پێ دراوە بۆ گەڕانەوە، بەڵام رەنگە بە هۆی رووداوەكانی ئەم دواییەی شاری كەركووك گەڕانەوەیان ماوەیەك دوا بكەوێت،  هەرچەندە وەكو پێویست راگوێزراوان نەگەڕاونەتەوە و لە شاری كەركووك ماون وهۆكاری نەگەڕانەوەیشیان تا ئێستا بۆ ترسیان لە تۆڵەسەندنەوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی دەگەڕێننەوە.

 

دەشڵێ، هێزەكانی پۆلیس و ئاساییش بەردەوامن لە پشكنین و گەڕان بە دوای شانە نوستووكانی داعش لە ناوچەكانی نێوان كەركووك و داقووق و بەشێك لەو تیرۆریستانەی كە لەم شانە نوستووانەدان لەو هێرشەی رۆژی 21/10/2016 كرایە سەر شاری كەركووك بەشدارییان تێدا كرد لەوانە (91) یان كوژران و (١٤) دەستگیر كراون، ئەمانە بەشێكیان لەو گەڕەكەی كە بە زیادەڕۆیی دروست كراوە هێرشیان كردە سەر هێزە ئەمنییەكان.

 

(دیندار زێباری) جەختیشی كردەوە كە، پرۆسەی گواستنەوەی راگوێزراوان بۆ نێو كەمپەكان لەم بارودۆخەدا پێویستە و گرینگە لە دوو رووەوە، یەكەمیان ئەوەیە كە ژیانیان پارێزراو دەبێت و دەتوانرێت زیاتر خزمەتگوزارییان پێشكەش بكرێت، چونكە حكوومەتی هەرێم و نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان لە كەمپەكاندا خزمەتگوزارییان پێشكەش دەكەن، هەروەها دەبێتە هۆی ئەوەی كە چیتر زیادەڕۆیی لەسەر زەوییەكانی ئەم شارە نەكرێت، چونكە ئێستا نزیكەی (650) هەزار ئاوارە و راگوێزراو لەو شارە هەیە ئەم ژمارە زۆرەیش پێویستی بە رێكخستن و بەرنامەیەكی توند و تۆڵ هەیە بۆ كۆنتڕۆڵكردنیان و رێگاگرتن لە دزەكردنی تیرۆریستان بۆ نێو شارەكە، بۆیە گواستنەوەیان بۆ كەمپەكانی نزراوە و لەیلان و داقووق بۆ چارەكردنی ئەم گرفتەیە، سەرەڕای ئەمەیش تا ئێستا هیچ بڕیارێك نییە بۆ وەرنەگرتنی زیاتری راگوێزراوان لە شارەكە .

هەواڵی پەیوەندیدار