دەزگای بارزانی، خواردن و پێداویستیی جۆراوجۆری بەسەر ئاوارەكاندا دابەش كرد

دهۆك-KDP.info- دەزگای خێرخوایی بارزانی، لە دابەشكردنی پێداویستیی ناوماڵ و خواردنی گەرم بەسەر ئاوارەكاندا بەردەوامە و، بە هەماهەنگیی رێكخراوی UNHCRو وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق و NRCلە كەمپەكانی (دیبەگە، دیبەگە2، ترانزێت، یاریگا) ژەمەخۆراكی گەرم و پەناگە و پارسێلی خۆراك و پێداویستیی جۆراوجۆری دیكەی پێشكەش بە 422 خێزان كرد.
لەدرێژەی هاوكاریكردن و دابەشكردنی خۆراك بەسەر ئەو ئاوارانەی كە بەهۆی شەڕەوە ناوچەكانیان بەجێ دەهێڵن و روو لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە چەند كەمپێكی نوێدا پێشوازیی لە ئاوارەكان دەكات، لەو میانەشدا لە كەمپی حەسەن شام لە سنووری پارێزگای نەینەوا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی رۆژانە دوو ژەمە خواردنی گەرم بەسەر خێزان و كەسە ئاوارەكاندا دابەش دەكات، هاوكات لە درێژەی دابەشكردنی هاوكارییەكاندا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوكاری لەگەڵ مانگی سوری عێراق، دۆشەك و بەتانی و برنج و كەلوپەلی چێشتخانە و چۆلەی نەوتی و پارسێلی پاكوخاوێنی بەسەر 1000 كەسدا دابەش كرد.
لە لایەكی دیكەوە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە كەمپەكانی (دیبەگە، دیبەگە2، ترانزێت، یاریگا) بەردەوامە لە دابینكردنی پەناگە و پێداویستییە سەرەكیەكانی ژیان و پێدانی دووژەمە ژەمەخۆراكی گەرم بە ئاوارەی تازەهەڵهاتووی ژێر دەستی داعش. لەلایەكی دیكە و لە هەڵمەتێكی تردا دەزگای خێرخوازیی بارزانی و هەردوو رێكخراوی UNHCRو وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق و NRCو كەنیسەی دهۆك، هەستان بە دابەشكردنی دۆشەك و جلیكان و خاولی بەسەر 128 خێزان و بەتانی بۆ 238 خێزان و شیری قوتوو بە 173 منداڵ و پێداویستیی پاككەرەوەی وەك شامپۆو زاهی و سابون بەسەر 56 خێزان، لەگەڵ دابینكردنی پەناگە و پێداویستیی سەرەكی و خواردنی گەرم بەسەر 1225 ئاوارەی تازەهەڵهاتووی ناوچەكانی دەوروبەری مووسڵ.




