٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هێزەكانی پێشمەرگە گەییشتوونەتە نێو سەنتەری شارۆچكەی باشیك..20 تیرۆریستیان كوشتوون

سەرچاوە: KDP.info

 

باشیك-KDP.info- فەرماندەیەكی هێزی پێشمەرگە لە سنووری میحوەری باشیك دەڵێت، ڕاماڵینی یەكجارەكیی تیرۆریستانی داعش لە باشیك و بەحزان نزیك بوووەتەوە و داعش بەرگری نەماوە، تا ئێستایش 20 تیرۆریست كوژراون.

فەرماندەی لیوای (7)ـی پیادەی سۆرانی هێزی پێشمەرگە لە باشیك لیوا (بەهرام عەریف یاسین)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بەیانیی ئەمرۆ بە فەرمانی ڕاستەوخۆی (سەرۆك بارزانی)، بڕیاری ڕاماڵین و وەدەرنان و تێكشاندنی یەكجارەكیی تیرۆریستانی داعشی درا لە شارۆچكەی باشیك و ئێستایش لە هەرچوار لاوە (باكوور، باشوور، رۆژهەڵات و رۆژئاوا) هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان گەییشتوونەتە نێو سەنتەری شارۆچكەی باشیك، تیرۆریستانیش بەرگرییان نەماوە و تێك شكاون، لە داهاتوویەكی نزیكیشدا موژدەی سەركەوتنی یەكجارەكی بەسەر تیرۆریستان و ڕاماڵینیان لە شارۆچكەی باشیك ڕادەگەیێنین".

 

(یاسین) گوتیشی: "لە بەیانییەوە زیاتر لە هەشت خۆكوژ خۆیان تەقاندووەتەوە، بەڵام هیچ زیانێك بەر هێزەكانی پێشمەرگە نەكەوتووە، ئەوانەیشی ماون یان دەبێت خۆیان ڕادەستی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بكەن، یان لەسەر دەستی هێزی پێشمەرگە دەكوژرێن و لەناو دەبرێن".

ئەو فەرماندەیەی هێزی پێشمەرگە زیاتر ڕوونی كردەوە: "بەپێی ئامارە سەرەتاییەكان، زیاتر لە 20 تیرۆریستی داعش كوژراون و لەنێو تیرۆریستە كوژراوەكانیشدا ئەمیرێك بە ناوی (ئەبوو عەبدولڵا) هەیە".

شەڕی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ ئەمڕۆ 21ـەمین رۆژی تێپەڕاند كە لە بەرەبەیانیی رۆژی 17-10-2016 بە بەشداریی هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی دەستی پێ كرد، ئەمڕۆیش ڕاماڵین و لەناوبردنی داعش لە ناحیەی باشیك لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە دەستی پێ كردووە و چاوەڕوان دەكرێت بەم زووانە ئەو شارۆچكەیەیش لە تیرۆرستانی داعش پاك بكرێتەوە".

 

نەشوان بەرزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار