وەزارەتی ئەوقاف کۆنفرانسێک بۆ ڕێکخستنی وتاری ئایینی ڕێک دەخات

هەولێر-KDP.info- وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان بە بەشداریی کۆمەڵێ مەلا و مامۆستای زانکۆ و بیرمەندی هزری ئایینی، کۆنفرانسێک بە چاودێریی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ساز دەکات.
(نەبەز ئیسماعیل) گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی تایبەت بۆ ناوەندی هەواڵی ئازاد ڕایگەیاند بڕیارە وەزارەتەکەیان ڕۆژانی ٨ و ٩ـی ئەم مانگە بە چاودێریی نێچیرڤان بارزانی و بەناونیشانی "بەرەو گوتارێکی ئایینی هاوسەنگ لەسەر بنەمای مرۆڤدۆستی و ئاشتیی کومەڵایەتی" لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان ڕێک بخات.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە مەبەست لەو کونفرانسە کە بە بەشداریی مامۆستایانی ئایینی و بیرمەندانی هزری ئیسلامی لە سەرجەم ناوچەکانی کوردستان بەڕێوە دەچێت، ڕێکخستنی گوتاری ئایینییە بە شێوەیەکی سەردەمیانە و دوور لە ناوزڕاندن.
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ئاماژەی بەوەش کرد، لەو کۆنفرانسەدا مامۆستایان و بیرمەندان بابەتەکانیان پێشکەش دەکەن و دوایی بەشداران خاڵەکان تاوتوێ دەکەن و، پاشان چەند ڕاسپاردەیەک دەردەکەن کە پەیوەندیی بە ناوەرۆک و کاتی وتارەکانەوە دەبێت.




