پێشمەرگە بەپێی پلانی سەربازی سەنتەری باشیك ئازاد دەكات

باشیك-KDP.info- رۆژ بە رۆژ بازنەی دەسەڵاتی داعش لە دەشتی نەینەوا و ناوچەكەدا بچووكتر دەبێتەوە و، فەرماندەیەكی پێشمەرگەیش رایگەیاند، هەر بەرەیەك هێزی پێشمەرگەی لێ بێت، داعش لەوێ زۆر لاواز بووە و، هێزی پێشمەرگەیش بەپێی پلانێكی سەربازی، سەنتەری باشیك ئازاد دەكات.
عەقید (جادر قادر)، فەرماندەی پێشمەرگە لە میحوەری باشیك، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "هەر بەرەیەك هێزی پێشمەرگەی لێ بێت، داعش لەوێ زۆر لاواز بووە و تووشی شكستێكی گەورە بوونە، لە بەرەی ئێمەدا تەنیا باشیك ماوە ئەویش چەند رۆژێكە گەمارۆیان خراوەتە سەر، لە رووی سەربازییەوە بە كەوتن بۆ داعش حیساب دەكرێت، بۆیە پێشمەرگە بە گوێرەی ئەو پلانە سەربازییەی كە هەیە، سەنتەری باشیك ئازاد دەكات".
عەقید (جادر) گوتیشی: "لە ماوەی ٢٠ رۆژی رابردوودا، خەڵێكی زۆر لە ژێر چنگی تیرۆریستانی داعش ئاوارە بوونە و هاتوونەتە ژێر دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگە، ئەمەیش مانای ئەوەیە ئەو خەڵكە لە داعش بێزار بوونە و دەسەڵاتی ئەوان بەرەو كۆتایی دەچێ".
ڕابین شێروانی




