٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دڵشاد شەهاب: گۆڕان لیاقەی بەردەوامی و بەشداری لە حکومڕانیدا نییە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  (دڵشاد شەهاب) جەخت دەکاتەوە لەوەی کە لە ماوەیەکی کەمی بەشداریی گۆڕان و شێوازی مامەڵەکردنیان لە دامەزراوەیەکی وەکو پەرلەماندا، گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی، کەوا گۆڕان لیاقەی بەردەوامی یاخود بەشداری لە حکومڕانیدا نییە. دەشڵێت، هیچ ئیزافەیەکی ئیجابییان لە حوکمڕانی لە کوردستاندا نەکردووە.

(دڵشاد شەهاب)، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ تەلەڤزیۆنی رووداو، لەبارەی پرسی پاکێجی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند "ئەوان ئازادن، ئێمە پێشتریش هەڵوێستی خۆمان راگەیاندووە، پێمان وانییە بە کشانەوەی گۆڕان لە حکوومەت هیچ کاریگەرییەک لەسەر دۆخی بەڕێوەچوونی حکوومەت روو بدات".

(دڵشاد شەهاب) گوتی "حکوومەت کارەکانی وەکو ئەوەی ئێستا هەیە بەردەوام دەبێت، یاخود بەشێوازێکی دیکە لەگەڵ لایەنەکان رێککەوتنێکی تازە تاوتوێ دەكەین، یان شێوازێکی بەڕێوەبردنی ئەو پۆستانە دەگرینەبەر، بۆنموونە بەوەکالەت بێت یان رێگایەك دەدۆزینەوە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان، بۆ ئەوەی وەزیری دیکە شوێنیان بگرنەوە".

لەنێو هەڵسوڕاوانی گۆڕان پرسی كشانەوە لە حكوومەت، لەدوای زۆرتر لە ساڵێك دوورخستنەوەی وەزیرەكانیان گەرم بووە، ئەو سەركردەیەی پارتی گوتی "بڕیاری کشانەوەی گۆڕان لە حکوومەت لە کۆتاییدا بۆ خۆیانە، بەڵام بە بۆچوونی ئێمە هیچ کاریگەرییەک بەسەر ئەدای حکوومەت بەجێ ناهێڵێت و ئەوانیش ئازادن".

سەبارەت بەوەی پرسی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان یەک پاکێجن، (دڵشاد شەهاب) گوتی: "تەمەننا دەکەم هەموو بڕیاربەدەستەکانی گۆڕان ئەو رێککەوتنەیان بینیبێت، چونکە بەپێی هەندێک لێدوانیان پێدەچێت رێککەوتنەکەیان نەبینبێت". گوتیشی: "هیچ رێککەوتنێکی دووقۆڵی تایبەتمان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان نەبووە، بەڵکو هەر هەمان ئەو رێککەوتنەیە کە لەگەڵ یەکێتی و یەکگرتوو و کۆمەڵیش هەمانبووە".

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پارتی ئاماژەی بەوەش كرد "ناکرێت بە کشانەوە یاخود بە بەشدارینەبوونی هەر لایەنەێک، ئەم  حکوومەتە هەمووی هەڵبووەشێتەوە، شتی وا لە دونیادا نییە، بۆ ئەوەی بە روون و راشکاوانەتر بڵێم، لە هیچ بڕگەیەكی رێککەوتنەکەدا نەهاتووە، هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و متمانەدان بە حکوومەت هیچ پەیوەندییەکیان پێکەوە نییە".

(دڵشاد شەهاب) باسی لەوەش كرد "بەپێی یاسا، پارتی سەرۆکایەتیی حکوومەتی بە رێککەوتن وەرنەگرتووە، بەڵکو بەپێی یاسای هەڵبژاردن وەریگرتووە، بەو پێیەی لیستی براوە مافی ئەوەی هەیە حکوومەت پێک‌بهێنێت، ئەو لایەنەی حکوومەتیش پێک‌دەهێنێت، ئەو سەرۆکایەتیی حکوومەت وەردەگرێت".

هەر سەبارەت بە پرسی ئەگەری کشانەوەی گۆڕان، (دڵشاد شەهاب) دەڵێ "لە ماوەیەکی کەمی بەشداریی گۆڕان و شێوازی مامەڵەکردنیان لە دامەزراوەیەکی وەکو پەرلەماندا، گەیشتینە ئەو بڕوایەی، کەوا گۆڕان لیاقەی بەردەوامی یاخود بەشداری لە حکومڕانیدا نییە، هاوکات هیچ ئیزافەیەکی ئیجابییان لە حوکمڕانی لە کوردستاندا نەکردووە".

بە بڕوای ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پارتی، "گۆڕان هیچ کاتێک خۆی ئامادە نەکردووە بۆ ئەوەی بێت و بەشداری بونیادی شتێک بێت لەو وڵاتەدا، بۆ ئەوەی بەشداری لە حوکمڕانییەکی دروستدا بکات".

لەبارەی قەیرانی دارایی و باشتربوونی دۆخی ئابووری هەرێمی کوردستان، (دڵشاد شەهاب) گوتی  "قۆناخی سەختی قەیرانمان تێپەڕ کردووە، لە قۆناخێکداین لەسەرپێی خۆمان وەستاوین و لە هەستانەوەین، لەو قۆاخەداین هەنگاو بەرەو چارەسەری گرفتەکانی خۆمان بنێین، ئەگەر بازاڕی نەوت وەکو ئێستا بێت و باشتریش بێت، ئومێد هەیە باشتریش بێت، بە دڵنیاییەوە کاریگەریی ئیجابی بەسەر دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان دێت".
 

هەواڵی پەیوەندیدار