سه‌رۆك بارزانی و عەبادی: لە ئۆپەراسیۆنی مووسڵ سەرکەوتنی گەورە بەدەستهاتوون

هه‌ولێر-KDP.info- لە كۆبوونەوەی شەوی رابردووی نێوان (سه‌رۆك بارزانی) سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و (حەیدەر عەبادی) سەرۆك وەزیرانی عێراق پێشڕەوییەكانی ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی مووسڵ تاوتوێكرا و خۆشحاڵی خۆیان بۆ ھەمانگی و ھەنگاوەكان لە بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنەكە دەربڕی.
ئێواره‌ی ڕۆژی شه‌ممه ٥ی١١ی٢٠١٦ (حەیدەر عەبادی) سەرۆك وەزیرانی عێراق بە یاوەریی شاندێكی باڵای سەربازیی سوپای عێراق سەردانی شاری هەولێری كرد و له فرۆکه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر لە لایەن به‌ڕێز (مسعوود بارزانی) سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان و ژمارەیەك بەرپرسی باڵای هەرێم پێشوازیی لێكرا.
له کۆبووونەوەیەكدا هەنگاوەكانی ئۆپه‌راسیۆنی ئازادکردنه‌وه‌ی مووسڵ و بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕ و دوا سەركەوتن و پێشڕەوەییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزەكانی سوپای عێراقی لە میحوەرەكانی باكوور و ڕۆژهەڵات و باشووری مووسڵ تاوتوێ کرا. هەروەها هەردوولا خۆشحاڵیی خۆیان نیشاندا بە ئاستی بەرزی هەماهەنگی و كاری هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە چوارچێوەی پلانی ئازادكردنی موسڵ كە بووەتە هۆی بەدیهاتنی دەستكەوت و سەركەوتنی گەورەی سەربازی و تێكشكاندنی خێرای تیرۆریستانی داعش.
هەر لەم دانیشتنەدا هەردوولا ستایشی قوربانیدان و قاره‌مانێتی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان و هێزه عێراقیه‌کان و سەرەخۆشیان لە خانەوادەی شەهیدان كرد و هیوای چاكبوونەوەیان بۆ بریندارنی شەڕی دژی تیرۆر خواست.
له ته‌وه‌رێکی دیکه‌ی دیداره‌که‌ی (سه‌رۆک بارزانی) و سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق باس له ره‌وش و گوزه‌رانی ئاواره‌کانی مووسڵ و ئاوه‌دانکردنه‌وه و گه‌یاندنی خزمه‌تگوزاری بۆ ناوچه ئازادکراوه‌کان کرا.
له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر پاراستنی پێکهاته نه‌ته‌وه‌یی و ئاینییەكانی پارێزگای نەینەوا ده‌ورووبه‌ری کرایه‌وه.
جێگەی ئاماژەپێكردنە له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا که به‌ڕێزان (نێچیرڤان بارزانی) سه‌رۆکی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و (مه‌سروور بارزانی) ڕاوێژکاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی کوردستان و (که‌ریم شنگالی) وەزیری ناوخۆ و وه‌زیری پێشمه‌رگه به وه‌کاله‌ت و (فواد حوسێن) سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم ئامادە بوون.




