کاکەییەکان دەگەڕێنەوە گوندەکانیان

خازر-KDP.info- دوای ئەوەی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنێکی سەرکەوتوودا گوندی کاکەییەکانی ئازاد کردەوە، لە ئێستادا ٢٠٠ خێزانی کاکەیی گەڕاونەتەوە گوندەکانیان.
بەرپرسی ناوچەی پارتی لە خازر (حەبیب کاکەیی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، دوای ئەوەی پێشمەرگە ژمارەیەک لە گوندی کاکەییەکانی لە میحوەری خازردا ئازاد کردن، کاکەییەکان دەستیان کردووە بە گەڕانەوە بۆ گوندەکانیان و تا ئێستایش ٢٠٠ خێزان گەڕاونەتەوە گوندەکانی تۆلەبەن و گەزەکان و وەردەک و گوندەکانی دی.
حەبیب کاکەیی دەیشڵێ، لەگەڵ ئەوەی کە پاککردنەوەی سنوورەکە لەو مینانە بەردەوامی هەیە کە داعش داینابوون، لە هەمانکاتیشدا نەبوونی قوتابخانە و کارەبایش گرفتێکی دیکەیە، بەڵام ئیڕادەی خەڵکی ئێمە زۆر بەهێزە و دەستیان کردووە بە ئاوەدانکردنەوەی ماڵەکانیان و جوتیارەکانیش دەستیان کردووە بە کێڵانی زەوی کشتوکاڵی، بۆیە چاوەڕواندەکرێ کە ژمارەیەکی زۆری کاکەیی بگەڕێنەوە گوندەکانیان.
کاکەیی ئاماژەی دا، کە پردی وەردەک بە فەرمانی سەرۆک بارزانی خەریکە نۆژنکردنەوەی تەواو دەبێ، ئەمەیش خەڵکی ناوچەکەی زۆر خۆشحاڵ کردووە.
جێی ئاماژەیە، رۆژى یەكشەممە 29-5-2016ـى ئهمساڵ، هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بە فەرمان و سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی (سەرۆك بارزانی)، له سنوورى میحوهرى خازردا ژمارهیهك گوندی كاكهییهكانی ئازاد کردەوە.
نهشوان بهرزنجى




