٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سیاسەتمەدارانی باکوور داوای پشتیوانی لە بارزانی دەکەن.. پرۆسەی ئاشتی هیوای کوردان بوو

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  سیاسەتمەدارانی کورد لە باکووری کوردستان پشیوانی بۆ بارزانی و سیاسەتی پرۆسەی ئاشتی دەردەبڕن و پێیان وایە، ناکرێت پەکەکە و تورکیا کاربکەن بۆ تێکدانی ئاشتی لە باکووری کوردستاندا.

 

دوای دەستگیرکردنی هاوسەرۆکانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) نیگەرانیی پارتە سیاسییەکانی کوردستانی لێ کەوتەوە، لەنێویاندا پارتی دیموکراتی کوردستان لە رێگای گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستانه‌وه‌ رایگەیاند: ده‌ستگیركردنی به‌ڕێزان سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش و فیگه‌ن یوكسه‌كداغ هاوسه‌رۆكانی پارتی دیموكراتی گه‌لان نیگه‌رانی كردین، له‌و باوه‌ڕه‌داین ئه‌م جۆره‌ كردارانه‌ بارودۆخه‌كه‌ گرژترده‌كه‌ن و له‌ راستای خزمه‌تكردنی هه‌وڵه‌كانی ئاساییكردنه‌وه‌و چاره‌سه‌ری كێشه‌كاندا نابینین و هه‌وڵه‌كانی گفتوگۆ و زه‌مینه‌ خۆشكردنه‌كان له‌بارده‌بات و ره‌وشه‌كه‌ ئاڵۆزتر ده‌كه‌ن.

 

سیاسەتمەدارانی باکووری کوردستان داوای پشتیوانی لە بارزانی دەکەن و پێیان وایە، دەبێت پرۆسەی ئاشتی شوێنی ئەو سیاسەتەی ئێستا بگرێتەوە لە تورکیا، عوسمان ئۆجەلان برای ڕێبەری زیندانیكراوی پارتی کرێکارانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: چارەنووسی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا بە خراپ ئاراستە کرا لە کاتێکدا بارزانی چەند جار داوای لە حکوومەتی تورکیا کرد کە زەمینەسازی بکات بۆ دەستپێشخەریی دووبارە ئاشتی لە تورکیا و گوتی: "سەرکردایەتیی قەندیل و تورکیا نایانەوێت گرفتەکانیان بە سیاسەت چارە بکرێت، هەردوولا پەنا بۆ شەڕ دەبەن لە کاتێکدا ئەو کاتەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا هەبوو بینیمان چۆن دۆزی کورد لە باکووری کوردستان پێشکەوت، بەڵام ئێستا سیاسەتی هەڵە وای کرد کە نە حکوومەتی تورکیا و نە پەکەکەش نەتوانن بگەنە ئامانج کە دواجار خەڵکی باکووری کوردستان زەرەری تێدا دەکەن".

گوتیشی: "ئێستا حکوومەتی تورکیا ئەوەی دەیکات دژی پرۆسەی دیموکراتی و ئاشتییە، بۆیە دەبێت بگەرێتەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و دەستبەجێ هاوسەرۆکانی هەدەپە ئازاد بکات".

 

هه‌ر له‌وباره‌وه‌ عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: سەرۆک بارزانی هەوڵی زۆر جیددی دا بۆ ئەوەی ئەو لاسەنگە سیاسییەی لە باکووری کوردستاندا هەیە ئاراستەیەکی دیکە وەربگرێت ئەویش بەشداریی کوردە لە پەرلەمان و تێکەڵبوون بە پرۆسەی ئاشتی، هەڵبەتە پرۆسەی ئاشتی بە لایەنێک ناکرێت فرەرەهەندە، بەڵام کاتێک  هەندێک لە حزبەکانی باکوور لە ناویاندا پەکەکە وادەکات کە رەوشی کوردستان باکوور بەم دۆخە بگات ئەو کاتە قەسیەک بۆ گوتن نامێنێتەوە.

دەیشڵێ، "پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا ئەوەندە بەهێز بووە ڕۆژێک دەبێت پەکەکە و تورکیا بگەنە ئەو باوەڕەی جگە لەو پرۆسەیە هیچ پرۆسەیەکی دیکە ناتوانێت ئاشتی تورکیا چاک بکاتەوە".

عه‌ونی ئەوەشی خستەروو: دەبێت ئەو فراوانییەی سیاسیەتی بارزانی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، هەرچوار پارچەی کوردستان سودی لێ وەربگیرێ و کاربکرێت بۆ لەناوبردنی شەڕ و جەنگ لە ناوچەکەدا.

 

هاوکات، لەیلا گۆڤەن ھاوسەرۆكی كەجەدە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە شاری ئامەد رایگەیاند، بارزانی سەنگی دیپلۆماسی لە توركیادا ھەیە، داوا دەكەین ناوبژیوانی بكات لەو بارودۆخەی ئێستا لە توركیادا ھاتووەتە ئاراوە.

ئەمە لە كاتێكدایە حكوومەتی توركیا ھەڵمەتێكی بۆ دەستگیركردنی سەركردە و ئەندامانی پارتی دیموكراتی گەلان دەستپێكردووە و ھاوسەرۆكان و ژمارەیەكی زۆر لە ئەندامانی ھەدەپەی دەستگیر كردوون.

پێشتر سەرۆكایەتیی ھەرێمی كوردستان لە راگەیاندراوێكدا نیگەرانی لەبەرانبەر دەستگیركردنی ھاوسەرۆكانی ھەدەپە خستووەتە ڕوو و رایگەیاندووە، مەترسیی ئەوە ھەیە کە کرداری لەمجۆرە ببێتە ھۆی ئاڵۆزتربوونی بارودۆخەکە و کێشەکان قووڵتر ببنەوە.

لە ئێستادا دەنگێکی بڵند لە  باکووری کوردستاندا بەرزبووەتەوە کە دەبێ تورکیا و پەکەکە بگەڕێنەوە  بۆ پرۆسەی ئاشتی کە سەرۆک بارزانی چەندین ساڵە پێشنیازی بۆ کردوونە و، بە  شێوەیەکی کرداریش قۆناخێکی باشی بڕیبوو.

 

کارزان سەباح هەورامی 

 

هەواڵی پەیوەندیدار