دەزگای بارزانی،پەناگە و پێداویستی بەسەر 976 خێزانی ئاوارەدا دابەش كرد

هەولێر-KDP.info- دەزگای خێرخوازیی بارزانی و رێكخراوی UNHCR و وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق و NRCو فریاكەوتنی ئیسلامی، لە كەمپی دیبەگە ژەمەخۆراكی گەرم و پەناگە و پارسێلی خۆراك و پێداویستی جۆراوجۆری دیكەیان پێشكەش بە 976 خێزانی ئاوارەی مووسڵ و ناوچەكانی دەوروبەری كرد.
لە درێژەی دابەشكردنی كۆمەك و هاوكاری و پێداویستییەكان بەسەر پەنابەر و ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان، لە هەڵمەتێكدا دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هەماهەنگی لە كەمپی دیبەگە بەردەوامە لە دابینكردنی پەناگە و پێداویستییە سەرەكیەكانی ژیان و پێدانی دوو ژەمەخۆراكی گەرم بە ئاوارەی تازەهەڵهاتووی ژێر دەستی داعش.
لەلایەكی دیكە و لە هەڵمەتێكی تردا دەزگای خێرخوازیی بارزانی و هەردوو رێكخراوی UNHCRو وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق و NRCو فریاكەوتنی ئیسلامی، هەستان بە دابەشكردنی پارسێلی خۆراك بەسەر 650 خێزان و گۆشت و نان بەسەر 110 خێزان و سەتڵ و پێداویستیی پاككەرەوە و ئاو و خواردنی لەقوتوونراو و پێداویستیی ئافرەتان بە 98 خێزان و دۆشەك و بەتانی و جلوبەرگ و جلیكان و پێداویستیی دیكە بۆ 96 خێزان و، هەروەها سەلەی تەندروستییش بە 22 خێزانی كەمپەكە درا.




