نەسرەددین سەعید: دەبێ سنووری راستەقینەی كوردستان دیاری بكرێت

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەڵێ، دەبێ بە زووترین كات سنووری راستەقینەی كوردستان دیاری بكرێت و، دیمۆگرافیای ناوچە بەعەرەبكراوەكان بگەڕێندرێتەوە شێوە سرووشتییەكەی خۆی.
(نەسرەددین سەعید)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پێش دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ، ئێمە لێكۆڵینەوەیەكمان كرد و بۆمان دەركەوت كە زیاتر لە نەوەد لەسەدی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە ژێر دەستی هێزی پێشمەرگەدا بوون. دوای دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكەیش لە 17ـی مانگی رابردوودا، ناوچەگەلێكی زۆر لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە ئازاد كراون و لە ئێستادا تەنیا پێنج لە سەدی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ماون ئازاد بكرێن".
(سەعید) گوتیشى: "لە ماوەیەكی نزیكدا و دوای ئۆپەراسیۆنەكانی رزگاركردنی مووسڵ و حەویجە و دەوروبەری شنگال، ئیدی سەدا سەد خاكی هەرێم لە دەست هێزی پێشمەرگەدا دەبێت".
سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دهشڵێت، دیاریكردنی سنووری راستەقینەی كوردستان لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە زۆر گرینگە و دەبێ پارێزگاری لە سەرجەم ناوچە ئازادكراوەكان بكرێت، چونكە لە ساڵانی 1968 بەولاوە ناوچەگەلێكی زۆری كوردستانی بەردەوام هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیایەكەیان دراوە و وا ئێستا هێزی پێشمەرگە رزگاری كردوون، بۆیە دەبێ بە زووترین كات سنووری راستەقینەی كوردستان دیاری بكرێت و دیمۆگرافیای ناوچە بەعەرەبكراوەكان بگەڕێندرێتەوە شێوە سرووشتییەكەی خۆی".
سەرباز واحید




