نزیكەی ٢٥هەزار كەس ئاوارە بوونە.. پێشبینیی هاتنی ملیۆنێك ئاوارە دەكرێت

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەرانی هەولێر ڕایگەیاند، تاوەكو ئێستا نزیكەی ٢٥هەزار ئاوارە لە مووسڵ و دەوروبەریەوە ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و، گەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت، پێشبینیی هاتنی ملیۆنێك ئاوارە دەكرێت.
(نەزهەت حوسێن)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "هاتنی ئاوارەكانی مووسڵ و دەوروبەری بەردەوامە و تاوەكو ئێستایش رێژەكە گەیشتووەتە نزیكەی ٢٥هەزار ئاوارە و ٨٠% لە سنووری خازر نیشتەجێ كراون و٢٠%ـیش لە سنووری پارێزگای هەولێرن".
(حوسێن) ڕوونیشی كردەوە، لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی و چەند رێكخراوێكی خێرخوازی و نێودەوڵەتییەوە، هەموو پێداویستییە سەرەتاییەكان بۆ ئاوارەكان دابین دەكرێت.
بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەرانی هەولێر گوتیشی، حكوومەتی هەرێمی كوردسانیش بەردەوام چاودێریی ئاوارەكان دەكات و ئامادەكاریی زیاتر بۆ هاتنی ئاوارەكان دەكات.
ئەو بەرپرسە راشیگەیاند، گەر هاتنی ئاوارەكان بەم شێوەیە بەردەوام بێت، پێشبینیی ئەوە دەكرێت كە ئاوارەكان ژمارەیان بگاتە ملیۆنێك كەس.
بڵند ئیبراهیم




