٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کاردانەوە نێودەوڵەتییەكان بەرامبەر دەستگیرکردنی هاوسەرۆک و پەرلەمانتارانی هەدەپە

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-  وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا و بەرپرسانی باڵای یەکێتیی ئەورووپا نیگەرانیی خۆیان لەبەرامبەر دەستگیرکردنی هاوسەرۆك و پەرلەمانتارانی هەدەپە دەربڕی.

(مارتین شوڵز) سەرۆکی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند "بەرپرسانی تورکیا لەڕێگەی دەستگیرکردنی ئەم کەسانەوە وڵاتەکەیان زیاتر لە دیموکراسی دوور دەخەنەوە و زیاتریش پشت لەو بەهایانە دەکەن کە بوونەتە بنەمای پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتیی ئەورووپا و تورکیا".

(فێدریکا مۆگرینی) بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا و (جۆهان هان) سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا بۆ دانووستاندن لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا رایانگەیاند "دەستگیرکردنی پەرلەمانتارانی هەدەپە رەوشی باشووری رۆژهەڵاتی تورکیا گرژتر دەکات، ئەمە لەکاتێکدایە دەبێت رەوشی ئەو ناوچەیە لە ڕێگەی سیاسییەوە چارەسەر بکرێت".

وەزیری دەرەوەی بەریتانیاش رایگەیاند، تورکیا رۆڵێکی گرینگ لە ناوچەکە و جیهاندا دەگێڕێت، بەڵام ئەوەش واتای ئەوە ناگەیەنێت حکوومەتی تورکیا گوشار لە سەر میدیا و پارتە سیاسییەکانی وڵاتەکەی دروست بکات.

(جۆن کێربی) گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، نیگەرانیی وڵاتەكەی بەرامبەر دەستگیرکردنی هاوسەرۆکان و پەرلەمانتارانی هەدەپە راگەیاند.

لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەڤانیدا (جۆن کێربی) رایگەیاند "نیگەرانین لە دەستگیرکردنی هاوسەرۆک و پەرلەمانتارانی هەدەپە لە تورکیا، لە رابردوویشدا نیگەرانیی خۆمان لەبارەی هەندێک لە هەنگاوەکانی حکوومەتی تورکیا راگەیاندووە".
گوتیشی "ئەو رەفتارانەی حکوومەتی تورکیا خزمەت بە تورکیا ناکات و پشێوی دروست دەکات".

لە باشووری كوردستانیش سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و زۆربەی حیزبەكان ئیدانەیان كرد و داوای دەستبەجێ ئاداكردنی دەستگیركراوەكانیان كرد، هەروەها ئەندام و لایەنگرانی هەدەپە و كوردانی هەرچوارپارچەی كوردستان لە چەندین پایتەخت و شاری جیهانەوە خۆپیشاندانیان كرد.

هەروەها (جەم ئۆزدەمیر) سەرۆكی پارتی سەوزی ئەڵمانیا لەكاتی بەشداریكردنی لە گەشێكی هەواڵەكانی رووداو، رایگەیاند "لەو رەوشەی لە توركیادا هەیە زۆر نیگەرانین، پشتیگری بۆ پەرلەمانتارانی هەدەپە دووپات دەكەمەوە و دەبێت لە توركیادا رێز لە هەموو كەسێك بگیرێت، بەبێ لەبەرچاوگرتنی نەتەوە و پێكهاتەوە و ئایین".
جەختیشی كردەوە توركیا بەرەو دیكتاتۆریەت هەنگاو دەنێت.

رۆژی هەینی 4-11-2016، (سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش) و (فیگه‌ن یوكسه‌كداغ) هاوسەرۆكانی هەدەپە و 10 پەرلەمانتاری ئەو پارتە دەستبەسەر كران، فەرمانی دەستبەسەركردن بۆ سێ پەرلەمانتاری دیكەش دەرچووە و داوا كراون.

دوای لێكۆڵینەوە، فەرمانی زیندانیكردن بۆ هاوسەرۆكانی هەدەپە و شەش پەرلەمانتار دەرچوو، سێ پەرلەمانتاریان بە مەرج ئازاد كران، تاوەكو ئێستایش چارەنووسی پەرلەمانتارێك یەكلایی نەكراوەتەوە و لەژێر لێكۆڵینەوەدایە.

سه‌رچاوه‌- ڕووداو

هەواڵی پەیوەندیدار