چاودێرێكی سیاسی: پێشمەرگە هەر ناوچەیەکی بە خوێن ئازاد كردبێ، لێی ناکشێتەوە

هەولێر-KDP.info- چاودێرێكی سیاسی، ئاماژە بەوە دەكات، نووری مالیكی، سیاسەتمەدارێكی شاشە و، مادامەکینێ هیچ پلەوپایەكیشی لە حكوومەتدا نییە، بۆی نییە لێداون بدات؛ هەق وایە لەسەر ئەوە بەزمەی بە عێراقی کردووە، بخرابایەتە زیندانەوە.
ئێحسان ئامێدی چاودێری سیاسی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەمڕۆ خۆشبەختانە كوردستان هێزی زۆر باشی هەیە ئەویش پێشمەرگەیە، هەموو جیهان پشتگیری لەو هێزەیە دەكات، بۆیە ناحەزان و داگیركەرانی كوردستان چاویان بە هێزی پێشمەرگە و سەركەوتنەكانی هەڵنایەت، ئەگەرنا ئەو قسانەی نووری مالیكی كە ڕایگەیاندووە دەبێت هێزی پێشمەرگە بۆ سنوورەكانی پێش ٢٠٠٣ بكشێتەوە ئەوانە هیچ بەهایەكی نییە؛ دیارە هێزی پێشمەرگە بە سەرۆكایەتیی سەرۆك بارزانی لە گەف و هەڕەشەی نەیارانی كورد ناترسێت و، بەردەوام كار بۆ سەربەخۆیی كوردستان و دەوڵەتی كوردی دەكات."
گوتیشی: "ئەو ناوچانەی پێشمەرگە بە خوێن ئازادی كردوونە، ناوچەی كوردستانینە، بۆیە نابێت پێشمەرگە لە ناوچە كوردستانییەكان بكشێتەوە و جارێكی دیكە ئەو ناوچانە بۆ عێراق چۆڵ بكرێن؛ نووری مالیكی، سیاسەتمەدارێكی شكەستخواردووە و، ئێستایش هیچ پلەوپایەكی لە حكوومەتدا نییە، بۆیە ناتوانێت لێداونی لەو شێوەیە بدات، بەڵكو پێویستە ئێستا ئەو لە زیندان بووایە، چونكە ئەو بووە هۆكاری ئەوەی كە ئەو ناوچانە بكەونە ژێر دەستی تیرۆریستان و ڕەوشی عێراق و ناوچەكە بەو ئاقارە بگات".
ڕابین شێروانی




