٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

قادر حەسەن: بەهۆی شەڕی داعشەوە بۆچوونی هەندێ نەیاری كورد گۆڕاوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  چاودێرێكی سەربازی پێی وایە ئیدارەدانەوەی پارێزگای نەینەوا بەبێ كورد سەر ناگرێت و بەهۆی ڕۆڵی كورد لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعشدا و پێشوازی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئاوارەكان بۆچوونی هەندێ خەڵكی نەیاری كورد گۆڕاوە و ڕۆڵی كورد و هەرێمی كوردستان بەرز دەنرخێنن لە شكاندنی تیرۆرستانی داعش.

 

قادر حەسەن چاودێری سەربازی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "كورد ڕۆڵێكی گرنگ و سەرەكیی هەیە لە شەڕی گرتنەوەی مووسڵدا و تا ئێستاش پڕۆسەكە بە سەركەوتوویی بەڕێوە دەچێت، بێگومان من ئاگاداری وردەكاری ڕێكەوتنی نێوان سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بەغدا نیمە، بەڵام چوون لەسەر دەسپێكردنی شەڕی مووسڵ لەگەل بەغدا ڕێك کەوتوون بە هەمان شێوە باسیش لە دوای گرتنەوەی شارەكە كراوە، لەو ئۆپەڕاسیۆنەدا كورد بەشداری سەرەكیە و بەبێ كورد زۆر زەحمەتە پڕۆسی گرتنەوەی شاری مووسڵ بەڕێوە بچێت ئەوەتا بەبێ سوپای عێراق پێشمەرگە توانیی بەهێز و بازووی خۆی  عەردوبەردی كورد بگرێتەوە".

 

ئەو چاودێرە ئاماژەی بەوەش كرد: "دوای هێرشەكانی گروپی داعش زۆر شت بۆ خەڵكی ڕوون بووەتەوە بە تایبەتی خەڵكی نەینەوا، بەهۆی ڕۆڵی كورد و پێشوازی هەرێمی كوردستان لەو هەموو ئاوارەیە، بۆچوونی خەڵكی نەینەوا بەهەموو پێكهاتەكانەوە زۆر گۆڕاوە بەرامبەر بە كورد و هەرێمی كوردستان، هەتا ئەوانەی پێش هاتنی داعش بە شێوەیەكی خراپ دەیانڕوانیە هەرێمی كوردستاندا و نەیاری كورد بوون، ئێستا بە پێچەوانەیەوە بۆچوونیان هەیە و ڕۆڵی كورد بەرز دەنرخێنن، بەیایبەتی دانیشتووانی دەشتی نەینەوا بەبێ كورد هیچ بڕیارێك نادەن."

 

 قادر حەسەن دەشڵێ: "پێكهێنانی ئیدارەی نوێی نەینەوا و بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی پارێزگاكە بەبێ كورد سەر ناگرێت و كورد پشك و سەنگی خۆی دەبێت لە ئیدارەدانی پارێزگای نەینەوا، هەر بڕیارێك بەبێ كورد بدرێت ئەوە سەركەوتوو نابێت لە بەڕێوەبردنی پارێزگا و شكست دێنێ، شەڕی مووسڵ شەڕێكی قورسە و من پێشبینی دەكەم بەهۆی شەڕی گرتنەوەی مووسڵ شارەكە وێران بێت، چونكە ٨٠%ی كردەوە تیرۆریستیەكان لەڕێگەی بۆمب و تەقینەوەیە، ئەوەش دەبێتە هۆی وێرانكردنی مووسڵ."

 

قائید میرۆ

 
 
 

هەواڵی پەیوەندیدار