٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

چاودێران: مه‌رامی گۆڕان، لێكترازاندنی لایەنەکان و قووڵکردنەوەی قەیرانەکان بووه‌

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  لە دوای هەڵبژاردنی 2013 و دروستبوونی حكوومەتی بنكەفراوان ئەو هەلەی بۆ تاقمەكەی نەوشیروان ڕەخسا تا وەك هێزێكی سیاسی و مەدەنی مومارەسەی دەسەڵات بكات و لە قەپێلكی بەرتەنگی سایكۆلۆژیای ئانتیپارتیبوون بێتە دەر، كرانەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ڕوویر تاقمەكەدا بۆ گەیشتن بە ئامانجێكی مەزنتر بوو كە پەیوەندی بە سەربەخۆیی و مافی چارەنووسی گەلی كوردستانه‌وه‌ هەبوو، لەو كرانەوەیەدا بە دەنگی پارتی سەرۆكایەتیی پارلەمان و چەندین وەزارەتی گرینگیان دەست كەوت.

(محەممەد جەبار) چاودێری سیاسی بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕایگەیاند، ''نەك تەنیا لە كوردستان بەڵكو لە هەموو جیهان، ئەو لایەنانەی پەیمانی گەورە دەدەن، كاتێك كە دەچنە ناو حكوومەته‌وه‌ ناتوانن به‌ڵێنه‌كانیان جێبەجێی بكەن، هەر بۆیە پەنا دەبنە بەر شێوازی نادروست، چونكە دەزانن ئەوانەی پێش ئەوان نەیانكردووە، ئەوانیش ناتوانن بیكەن، هەموو كاتێك دەڵێن، ئەوانەی پێش ئێمە لە حكوومداری بوون ئەوان دەسەڵاتیان خراپ به‌كار هێناوه‌، بۆیە ئێمە ناتوانین چاك بكەینەوە، كاتێك ئەوان لە دەسەڵاتیش بوون هەر بە ئۆپۆزسیۆن خۆیان پیشان دەدا، تا كاریان گەیاندە توندوتیژی و سووتاندنی كوڕی خه‌ڵك و سووتاندنی بارەگا و كوشتنی كادیرانی پارتی، ئەوەی كراوە ناچێتە خانەی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی، بەڵكو دوژمنكارییه‌.''

ئه‌و چاودێره‌ سیاسییه‌ گوتیشی: "جەماعەتی گردەكە، جگە لە تێكدان و ئاژاوە و دووبەرەكی و لێكترازانی لایەنەكان و قووڵكردنەوەی قەیرانەكان، هیچی دیكەیان نەكردووە، خۆی دەبووایە شەڕی داعش و كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و ئەو ڕێژە زۆرەی ئاوارە كە لە هەرێمی كوردستان هەن لەبەرچاو بووایە، كه‌چی بەداخەوە ئەوان تەنیا بۆ بەرژەوەندیی خۆیان دەیانویست هەموو شتێك لەم وڵاتەدا تێك بدەن، ئەگەر لایەنەكانی بەشدار لە كابینەی هەشت یەكگرتوو بانە، دەیانتوانی زۆر لە كێشەكان چارە بكەن، بەڵام هەردەم ئەو تاقمە دژی حكوومەتی هەرێم وەستاونه‌تەوە، بەردەوامیش پارتییان بەوە تاوانبار كردووه‌ كە ئەو هۆكاری سەرهەڵدانی قەیرانەكان و نەدانی مووچەی فەرمانبەرانە، ئەوەیش لە هیچ شوێنێكی جیهان نەبووە، چونكە لایەنە بەشداره‌كانی حكوومەت وەك یەك دەبێت كێشەكان بگرنە ئەستۆی خۆیان. دەبووایە گوتاری ئەو تاقمە ئەوەبایە كە هەموومان پێكەوە بەرەنگاری ئەو قەیرانانە ببانایه‌وه‌ كە بەرۆكی خەڵكی هەرێمی كوردستانی گرتووە، بۆ ئەوەی هاووڵاتیان پشتگیری لێ بكەن، بەڵام بە داخەوە ئەوەیان نەكرد.''

زۆر كه‌س بڕوایان وابوو، مادام تاقمەكەی نەوشیروان بەڵێنیان بە خەڵكی هەرێمی كوردستان داوه‌ كە چوار ساڵی دابێ، چوار ساڵی ئارامی دەبێت، بەڵام بە داخەوە جگە لە شەڕ و ئاژاوە و كوشتنی هاووڵاتیان، هیچی دیكەیان بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان پێ نەبوو.

''ئەو كاتەی تاقمەكەی نەوشیروان هاتە ناو حكوومەتەوە، هەموومان خۆشحاڵ بووین بەوەی كە ئیدی هه‌موو وێڕا خزمەتی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەكەن''، ئه‌مه‌ قسه‌ی رۆژنامەنووس (عەبدوڵڵا هەژار)ه‌ بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان كردی و، جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌ كه‌: ''بەپێی ئەو بەرنامەی كە ئەوان بانگەشەیان بۆی دەكرد كە چوار ساڵی دابێ، چوار ساڵی ئارامی و پێشكەوتن دەبێت، چونكە ئەوەندە سۆز و پەیمانیان بە خەڵكی هەرێمی كوردستاندا كە ناوچەكە دەكەنە شامی شەریف، بەڵام بەداخەوە لەو دوو ساڵەی له‌ چوارساڵه‌كه‌ ڕۆیشت بە پێچەوانەی بەڵێنەكانی خۆیانەوە كاریان كرد. لە هیچ وڵاتێكی ئەم دونیایەدا نەبووە تۆ لەناو حكوومەتدا بیت و وەك ئۆپۆزسیۆنیش ڕه‌فتار و مامه‌ڵه‌ بكەیت!، لەو كاته‌شدا كه‌ ئۆپۆزسیۆن بوون هیچ نه‌ما نه‌یڵێن، كە لە حكوومەتیشدا جومگه‌ی ئه‌ساسییان به‌ده‌سته‌وه‌ بوو، هەمان شتیان دووبارە كردەوە.''

ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسه‌ له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ره‌یه‌وه‌ كه‌، تاقمەكەی نەوشیروان هەموو ئامانجیان ئەوەیە، هەرێمی كوردستان بەرەو ئاقارێكی نادیار ببەن و پارچە پارچە بكەن، لە 17ـی شوباتیش ئەو خۆپیشاندانانەی دەكران هەر لەو كاتەدا هەوڵی دەدا سلێمانی لە هەرێمی كوردستان جیا بكاتەوە، چونكە وه‌ك ئه‌و ده‌ڵێ، ''جگە لە قسەكردن و ئاژاوە و توندوتیژی و تێكدانی هەرێمی كوردستان، بە تایبەتی لە سنووری پارێزگای سلێمانی، هیچی دیكەیان پێشكەش بە خەڵك نەكردووە، ئێستایش هەمان شت دووبارە دەكەنەوە، وەك بینیمان چۆن هەرزەكاران و هەڵسووڕاوانی خۆیان هان دەده‌ن بارەگای حزب بسووتێنن و خەڵك بكوژن، بۆیە گومانی تێدا نییە ئەو گێرەشێوێنەی ئەوان پێ هەستاون دەستی دەرەكییان لە پشتەوەیە".

ڕابین شێروانی 

 

هەواڵی پەیوەندیدار