٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نووسینگەی نوێنەرایەتیی حکوومەت لە پۆڵۆنیا قوتابیانی کوردی بانگهێشت کرد

سەرچاوە: KDP.info

پۆڵۆنیا-KDP.info-  وەك نەریتێکی ساڵانە، نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا لە کۆبوونەوەیەکدا قوتابیانی کوردی تازەی لەو وڵاتە بانگهێشت کرد بە بۆنەی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن بە ئامانجی یەکتر ناسین و گۆڕینەوە و دروستکردنی پەیوەندی. لە بۆنەکەدا نزیکەی ٦٠ کەس ئامادە بوون. هەروەها زۆر کەسایەتی کوردی ڕۆژئاوا و باکوری کوردستان ئامادە بوون، لە نێویاندا عەلی غەفوور کە ٥٤ ساڵە لەو وڵاتەدا دەژیێت و یەکێكە لە دەگمەنترین خەباتگێڕانی کورد لە پۆڵۆنیا و،  هەروەها خاتوو ڕێزان یووسف سکرتێری یەکەم لە باڵوێزخانەی عێراق ئەوانیش هاتبوون.

 

سەرەتا نوێنەری حکوومەت بەخێرهاتنی میوانەکانی کرد و وتەیەکی سەبارەت بە بارودۆخی هەستیاری کوردستان و ناوچەکە پێشکەش کرد. زیاد ڕەئووف داوای لە قوتابیان کرد کە هەر یەکیان ببن بە باڵوێزی کورد لەو وڵاتە و بە جوانترین شێوە ڕووی کوردستان نیشان بدەن. وەبیری هێنانەوە کە ئەرکی سەرەکی قوتابیان بریتیە لە خوێندن و تەواوکردن بە سەرکەوتوویی. نوێنەری حکوومەت دووپاتی کردەوە کە نوسینگەی ئێمە بۆ هەموو کوردێك بێ جیاوازی کراوەتەوە و بەپێی توانا هاوکاری و یارمەتی هەموو کەسێك دەدەین لە کاتی پێویستیدا. دواتر  عەلی غەفور کورتە باسێکی مێژووی چالاکی و تێکۆشانی کورد لە ساڵانی شەستەوە لە پۆڵۆنیا خستە ڕوو. ئاماژەی بەو زەحمەتی و ئاستەنگیانە کرد کە پێشتر ڕووبەڕوویان بۆتەوە و ئێستا لاوی کورد دەرفەتی زۆرتریان لەبەر دەستە بۆ گەشەدان بە خۆیان و تەواوکردنی خوێندن لە دەرەوە.

 

دوای ئەوەش قوتابیان و میوانەکان قسەی خۆیان کرد و هەریەکە بۆچوون و ڕەخنە و بیروڕای خۆی خستە ڕوو. میوانەکان سپاسیان کرد بۆ ڕەخساندنی ئەو دیدارە و ڕایانگەیاند کە ئەوە دەرفەتێكی باشە بۆ دروست کردنی پەیوەندی و بەردەوام بوون.

 

لە کۆتاییدا نوێنەری حکوومەت بانگهێشتی قوتابیان و میوانەکانی کرد بۆ خوانێکی سادە و تەواوکردنی گفتوگۆکان.

 

شایانی باسە بۆنەکە لە کەشێکی دۆستانە و گەرموگوڕ بەڕێوە چوو. هەموو لایەك خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بە دانیشتنی لەو جۆرە و هیوایان خواست بەردەوامی بدرێت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ قوتابیان، بۆ ئەوەی دابڕان دروست نەبێت لە نێوان نەوەی تازە و نەوەی کۆن.

 
 
 

هەواڵی پەیوەندیدار