٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارێزگاری پێشووی كەركووك: كەركووك پێویستی بە حەشدی‌شەعبی نییە

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک-KDP.info-  پارێزگاری پێشووی كەركووك پێی وایە هاتنی هەر میلیشایەک بۆ شاری كەركووك زیادەیە و هێزە ئەمنیەكانی كەركووك توانای بەرزەفتكردنی ڕەوشی شارەكەیان هەیە و دەشڵێ، پێویستە ئەو كەلێلانە توندتربكرێن بۆ ئەوەی تیرۆرستان لێیەوە دزە نەكەنە ناو كەركووكەوە.

 

عەبدوڕەحمان مستەفا پارێزگاری پێشووی كەركووك بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی ڕاگەیاند: "دوای ڕووداوەكانی ئەو ماوەیە هێزەكانی ئاسایش توانیویانە ڕەوشی كەركووك بەرزەفت بكەن و هیچ دەرفەتێكی ئەوتو بۆ دزەكردنی چەكدارانی داعش بۆ نێو كەركووك نەماوە، خەڵك و هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش توانیان پیلانێكی گەورەی تیرۆریستان بۆ داگیركردنی كەركووك لەناو ببرێت، پێویستەش پلانی توكمەتر بگیرێتە بەر بۆ پاراستنی شاری كەركووك، ئەو كەلێنانەی تیرۆرستان تێدا هاتنە نێو كەركووك توندتر بكرێت."

 

عەبدولڕەحمان مستەفا گوتیشی: "ئێستا ڕەوشی ئەمنی كەركووك  گەڕاوەتەوە دۆخی پێش ڕووداوەكان هیچ پێویست بە هاتنی هیچ هێزێكی ملیشیا وەك حەشدی‌شەعبی ناكات بۆ كەركووك، چونكە ئەو هێزانەی ئەمنی كەركووك دەپارێزن هەموو ڕێكارێكی ئەمنییان گرتووتە بەر و هاتنی هەر هێزێكی دیكەی میلیشیان جێی قبووڵكردن نییە، لەبەر ئەوەی كەركووك پێویستی بە حەشدی‌شەعبی نییە."

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار