٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"چۆن دەکرێ پارێزگار بەخشرابێ و نووسراویش بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بکا؟"

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info-  بەرپرسانی پارێزگای سلێمانی دەڵێن، كێشە یاسایی و ئیدارییەكان لە سنووری پارێزگای سلێمانیدا كاروباری هاووڵاتیانی پەك خستووە. سەرسوڕمانی خۆیشیان لەوە نیشان دەدەن کە، مادام بەخشینی (ئاسۆ فەرەیدوون) لە ئەنجوومەنی پارێزگا پەسند کرا، چۆن دەشێ لە بە سیفەتی پارێزگاری سلێمانی نووسراو بۆ ئەنجوومەنی وەزیران رەوانە دەكات!.

یەكێتی و گۆڕان لە رێكکەوتنەكەیاندا باس لەوە دەكەن گوایە بۆ سوككردنی ئەركی سەرشانی هاووڵاتیان و خۆشگوزەرانی رێككەوتوون، بەڵام كە سلێمانییان بێ پارێزگار كردووە، كوا خۆشگوزەرانییەكەیان، بەرپرسانی پارێزگای سلێمانی دەپرسن، ئاخر شارێك بێ پارێزگار بێ دەبێ خۆشگوزەرانییەكەی لە كوێدا بێت؟.

(زیاد كاكەڕەزا) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "(ئاسۆ فەرەیدون) بە نووسراو داوای کردووە مۆڵەتی بێ مووچەی یەك ساڵەی لە وەزارەتی ناوخۆ کردووە. بەپێی زانیارییەكانم (قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش واژۆی لەسەر ئەو ساڵە مۆڵەتە بێ مووچەیە كردووە. لەو كاتەشدا قەرار وایە (سەردار قادر) جێگری پارێزگاری سلێمانی ئیش و كارەكانی پارێزگای سلێمانی لەبری پارێزگار رایی بكات، بەڵام ئەوە تەنها راییكردنە، نە وەكو پارێزگارە و نە بەوەكالەتیشە."

سەرۆكی لیستی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی روونی كردەوە: "(سەردار قادر) و (عومەر قەڵادزەیی) بەشێك لە دەسەڵاتەكانی پارێزگاری سلێمانییان پێدەدرێت و كارەكان رایی دەكەن. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ سلێمانی بێ پارێزگارە و جێگرەكانی ئەركەكان رایی دەكەن."

(كاكەڕەزا) ئاماژەیشی دا : "بێپارێزگاربوونی سلێمانی قەیرانێكە، چونكە ئەو دەسەڵاتانەی لای پارێزگار هەیە لای جێگرەكانی نییە. دەپرسین، ئایا چەند لەو دەسەڵاتانە دەدرێ بە ( سەردار قادر)؟ ئایا دەسەڵاتەكانی تر چییان بەسەر دێت بەتایبەت پێوەست بە بودجە و پارەدا؟ بۆیە دەبێ روونكردنەوە لەسەر ئەم پرسە بدرێت و بۆمان روون بێتەوە كام دەسەڵاتە بە  (سەردار قادر) دەدرێت و كامەی نادرێت. چونكە دەسەڵاتە گرینگەكان تەنها لە دەست خودی پارێزگارە، باشە ئەم بڕیارە گرینگانەی کە هەر لە دەسەڵاتی پارێزگارن چیان بەسەر دێت؟.ئەمانە هەمووی پرسیارن و دەبێ روون بكرێنەوە."

ئەو وەبیر دێنێتەوە کە یەكێتی و گۆڕان لە رێكکەوتنەكەیاندا باسیان لەوە دەكرد كە گوایە بۆ سوككردنی ئەركی سەرشانی هاوڵاتیان و خۆشگوزەرانی هاووڵاتیان رێك‌كەوتوون، کەچی سلێمانییان بێ پارێزگار كردووە. دەشپرسێ، ئایا شارێك بێ پارێزگار بێ دەبێ خۆشگوزەرانییەكەی لە كوێدا بێت و دەبێ هاووڵاتیانی تووشی چەند گرفت و كێشە بن؟ ئایا ئەم دەسەڵاتانەی بە جێگری پارێزگار دەدرێت بەشی ئەوە دەكات ئیشوكارەكانی هاووڵاتیان رایی بكات و واژۆ لەسەر پرۆژەكان بكات؟."

هەر لە كاتی ئاڵوگۆڕی پۆستەكانی پارێزگای سلێمانیدا، كاتێك كە پەلەپەل كرا لە ئەجێنداكەدا، لە نێو ئەنجوومەنەکدا سەرنجی یاسایی هەبوو لەسەر ئەجێندا و تەوەرەكانی كۆبوونەوەكە.
(ئەكرەم شەریف) كە هێشتا بە جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی خۆی دەناسێنێت، یەکێک لەوانەیە شێوازی دانێشتن و ئاڵوگۆڕەکان بە نایاسایی دەزانێ و بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی دەڵێت: "سەرەنجە یاساییەكەمان لەوەوە سەرچاوەی گرتبوو كە سەرۆكی ئەنجوومەن لە یەك كاتدا خۆی سەرۆكی ئەنجوومەن بوو كاندیدی پارێزگاریش بوو، بەبێ ئەوەی دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەش كردبێت. لەلایێكی تریشەوە چەند ساتێك بەرلە كۆبوونەوەكە ئاڵوگۆڕ لە ئەجێندای كۆبوونەوەكەوە كرابوو. من وەكو جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بەبێ ئەوەی داوای بەخشین بكەم لە پۆستەكەم، بەبێ رەزامەندیی خۆم بەخشینم خرایە دەنگدانەوە. ئەمەش بەپێی پەیرەوی ناوخۆ پێچەوانەی یاسا و پەیرەوی ئەنجوومەنی پارێزگایە."

(ئەكرەم شەریف) جەخت دەکاتەوە کە ئاڵوگۆڕەكانی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی سەرەتاكەی بە نایاسایی دەستی پێكرد، دواجار تەسدیقكردنی ماتمانەبەخشین بە (هەڤاڵ ئەبووبەكر) و بەرزنەكردنەوەی بۆ لایەنی پەیوەندیدار یەكێك بوو لە كێشەكان. دەشڵێ، "ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی متمانەی بەخشی بە (هەڤاڵ ئەبووبەكر)، بەڵام بەپێی یاسا دەبێ لە ماوەی 15 رۆژدا متمانە بەخشینەكە رێوشوێنی كارگێڕی و یاسایی وەربگرێت، كەچی متمانە بەخشینەكە لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی وەستێندرا."

جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ڕوونی کردەوە: "ئەو نووسراوە كارگێڕیانەی بۆ جێگرتنەوەی یەكێك لە جێگرەكانی پارێزگار كرا بۆ راپەراندنی كاروبارەكانی پارێزگار، لە 20ی مانگی رابردوودا لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆوە رەت كرایەوە، كەچی لەكاتێكدا بەخشینەكەی (ئاسۆ فەرەیدوون) لە ئەنجوومەنی پارێزگا دەنگی لەسەر دراوە، گوێمان لێ دەبی و دەبینین لە 31ـی هەمان مانگدا (ئاسۆ فەرەیدوون) بە سیفەتی پارێزگاری سلێمانی لە رێگەی وەزارەتی ناوخۆوە نووسراو بۆ ئەنجوومەنی وەزیران رەوانە دەكات!. ئەمانە هەمووی پرسیارن و دەبێ خەڵكی وەڵامەكەی لە ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجوومەنی پارێزگا و خەڵكی یاسایی وەربگرێتەوە. ئاخر خەڵك دەپرسن، ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ بۆ لە 20ی مانگی رابردوودا بۆ رازی نەبوون بە مۆڵەتەكەی (ئاسۆ فەرەیدوون)، خێرە لە 1ـی ئەم مانگەدا رەزامەندییان نیشان دا؟."

جەختیشی كردەوە: "ئەم كێشە یاسایی و ئیداریانە لە سنووری پارێزگای سلێمانیدا ئیشوكاری هاووڵاتیانی پەك خستووە، بۆیە دەبێ بە زووترین كات و لە چوارچێوەی یاسادا یەكلایی بكرێتەوە و سەرجەم حزب و فراكسیۆنەكان لە ئەنجوومەنی پارێزگا، قسەی جیددی لەسەر ئەم پرسە بكەن و ئاورێك لە خەڵكی ماندووی سلێمانی بدەنەوە. چونكە خەڵكی لە ناوچەی دوورەوە بۆ راییكردنی كارەكانی دێت، بەڵام نازانێ كێ دەبێ واژۆ لەسەر نووسراوەكەی بكات و دواجار كارەكانیان رایی نابن."

سەرباز واحد

هەواڵی پەیوەندیدار