قایمقامی شنگال: ھەموو هەوڵێک دەدەین سەرئێشەی پەکەکە لە کۆڵ شنگالیان بکەینەوە

شنگال-KDP.info- قایمقامی شنگاڵ داوا دەکات ھێزە نایاساییەکانی شنگال ناوچەکەیان چۆڵ بکەن، دەشڵێت کە نەڕۆن ئەوا بۆ وەدەرنانیان ھەموو رێگایەک دەگرنە بەر.
قایمقامی قەزای شنگال (مەحما خەلیل) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، خەڵکی شنگال داوا دەکەن باری ئەمنی و سیاسی لە شار و ناوجەکەیاندا جێگیر بێت، چونکە پێیان وایە بوونی ھێزی نایاسایی لەوێ، دۆخەکەی لێ نائارام کردوون، لەبەر ئەمە داوا دەکەن ئەو ھێزانە شنگال چۆڵ بکەن و رێز لەو کارەساتە بگرن بەسەریان هاتووە ولێیان بگەڕێن کەمێک بحەسێنەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، زۆر جار بەڵێنی چۆڵکردنیان داوە، کەچی بەڵێنەکەیان نەبردووەتە سەر؛ دیارترین ئەو هێزەش چەکدارانی پکەکەن کە هەم مووچە و هەمیش فەرمان لە بەغداوە وەردەگرن. بەڵام ( مەحما خەلیل) دەڵێ، بوونی ئەو ھێزانە لە شنگال لە بەرژەوەندیی خەڵکی شنگالدا نییە، "ئێمە ھەوڵی بەردەوام دەدەین لەسەر ئاستی ناوخۆیی وعێراق و دەرەوەش، بۆ ئەوەی ئەو ھێزانە لیرە نەمینێن."
قایمقامی شنگال جەخت دەکاتەوە، "ھەموو رێگایەک دەگرینە بەر بۆ ئەوەی ئەوھێزانە لە ناوچەکانمان دەربکەین، ئەوەش لە رێگەی خەڵکی شنگال و حکوومەتی ھەرێم و کۆمەڵگای نێودەوڵەتییش، بۆیە خەڵک سوورە لەسەر ئەوەی پێویستە ناوچەی ئێمە ئامن بێت و دوور بێت لە چەک و کێشەی سیاسی."
بڵند ئیبراھیم




