ڕاوێژکارێکی سەرکۆمار: ئەم جارە ئیرادەی جیدی ھەیە بۆ چارەکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا
_(1)__2016_11_01_h19m22s48__HK.jpg)
بەغدا-KDP.info- ڕاوێژکاری سەرکۆماری عێراق دەڵێت، گفتوگۆکانی ئەمجارەی نێوان ھەرێم وبەغدا زۆر جیاوازە لە جاران.
عەبدوڵا عەلیاوەیی ڕاوێژکاری سەرکۆماری عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد بڕیار درا کە لیژنەیەک دروست بکرێت لەنێوان ھەرێم و بەغدا؛ ئەو لیژنەیە تا ئێستا هەر یەک کۆبوونەوەی کردووە. د. ڕۆژ نووری شاوێس لەگەڵ شاندێکی ھونەری سەردانی بەغدای کرد؛ جا وا دیارە دوای ئازادکردنی مووسڵ ھەوڵەکان چڕتر بکەنەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەردوو لا."
عەبدوڵا عەلیاوەیی گوتیشی، گفتوگۆی ئەمجارە جیاوازییەکی زۆری ھەیە لەگەڵ ئەوانەی ئەوسا، چونکە ئەمجارە سەرۆکی ھەرێم خۆی سەردانی بەغدای کرد، کە لووتکەی حوکمڕانییە لە ھەرێمدا و کە ئەو ھات پاڵنەرێکی زیاتر بوو بۆ ئەوەی کێشەکانی چارەسەر بن."
عەلیاوەیی ڕوونیشی کردەوە، ئەمجارە ئیرادەیەکی جدی ھەیە بۆ ئەوەی کێشەکانی چارەسەر بکرێن، ئەگەر ھیچ شتێکی لەناکاو ڕوو نەدات، لەبەر ئەوەی ھەندێک جار ھەندێک شت لە عێراق ڕوو دەدەن کەس خەیاڵیشی بۆ ناچێت.
بڵند ئیبراھیم




