٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

چاودێران: كەسانی وەك مالكی هاندەرن بۆ ئەوەی عێراق پارچە پارچە بێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  چاودێران دەڵێن رەفتارە نابەجێکانی مالیکی، هۆی سەرەكی هەموو ئەو نەهامەتیانەیە كە بەسەر عێراق و كوردستانیشدا هاتووە، ئێستایش خەریكی پیلانگێڕییە و دەوڵەتی سێبەر و میلیشیاكانی بەر داوەتە گیانی عێراق.

 

عەبدوڵا حەسەن چاودێری سیاسی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "هەموو ئۆمێدەكان لەسەر ئەوە بوو كە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، عێراق پێ دەنێتە قۆناغێكی نوێوە؛ لە سای ئەو دەستوورەی خەڵكی عێراق بە هەموو پێكهاتەكانەوە دەنگیان پێ داوە،  عێراقێكی مۆدێرن دادەمەزرێت و هەموو پێكهاتەكان بە حەز و ئاواتەكانی خۆیان دەگەن، بەڵام بە داخەوە دوای نەمانی ڕژێمی سەدام، حوكمڕانانی بەغدا هەر لەسەر بەزمەکەی جاران لەگەڵ كورد و كوردستاندا جووڵانەوە؛ بە تایبەتی لە سەردەمی نووری مالكیدا، كە ئەو كات سەرۆكوەزیرانی عێراق بوو، كە خەندەقی بۆ دژایەتی گەلی كورد لە هەموو ڕوویەكەوە لێ دا، تا گەیاندیە ئەوەی كە قووتی خەڵكی هەرێمی كوردستان ببڕێت، بەبێ لەبەرچاوگرتنی دەستوور، بەندەكانی دەستوور، خۆدزینەوە لە ماددەكانی دەستوور."

 

گوتیشی:  "دەبێت  ڕێگە بە كورد بدرێت لە چوارچێوەی مافێكی یاسایی و دەستووری، بەپێی مافەكانی مرۆڤ، پاشەڕۆژی خۆی دیاری بكات، ئێستا هەلومەرجێكی باش بۆ كورد هاتووەتە پێشەوە، كە دواڕۆژی خۆی دیاری بكات، چونكە ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كورد ژمارەیەكی حساب بۆ كراوە، بۆیە دەبێت ناوماڵی خۆمان ڕێك بخەینەوە و لە چوارچێوەی ستراتیژیەتێكی توكمە بە هەموو جیهان ڕابگەیێنین كە كوردستان چی دیكە ناتوانێت چاوەڕێی پاشەڕۆژێکی نادیار بكات، بۆیە دەبێت ئێستا ئێمە هەموو كێشە بچووكەكانی ناوخۆ وەلاوە بنێین و كۆك بین لەسەر ستراتیژیەتێك كە هەنگاو بنێن بۆ ئەوەی خەڵكی هەرێمی كوردستان بگاتە ئەو شوێنەی كە بڕیار لەسەر چارەنووسازی خۆ بدات و كیانی خۆ دابمەزرێنێت."

 

د. (جەمال حەمە) بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی:  "نووری مالكی بەردەوام كار بۆ ئەوە دەكات وەك دكتاتۆرێك دەست بەسەر كورسی دەسەڵاتدا بگرێت، كە بەردەوام كار بۆ ئەوە دەكات حكوومەتی عەبادی بێهێز بكات و عەبادی لە پۆستەكەی لاببات بۆ ئەوەی خۆی بچێتەوە ئەو شوێنە، لەلایەكی دیكەوە، مالكی نوێنەری سیاسەتی ئێرانە لە عێراق، بۆیە تا ئێستا وەك دارێكە بۆ ترساندنی عەبادی، بۆ عەبادی ئەگەر تۆ نەهێیە ژێر باڵی ئێمە، بەدیلی تۆ ئامادەیە، لە هەمان كاتیشدا مالیكی خۆی ئامادە كردووە لە داهاتوودا سەرپەرشتیی حەشدی‌شەعبی بكات."

 

ئەوەشی ڕاگەیاند، دیكتاتۆرەكان هەموویان وا دەزانن، كە ئەگەر لایەنەكانی دیكە نەهێنە ژێر بار و دیكتاتۆریەتی ئەو قەبوول نەكەن، بەچاوێكی بنبڕكردن تەماشا بكەن، بۆیە ئەوەی كوردیش بە هەمان شێوەیە، كورد بۆ هەموو جیهان دیاری كردووە كە ئێدی زۆرداری قەبووڵ ناكات و ناچێتە ژێر باری مالكی و فشارەكانی ئەو قەبووڵ ناكات، ئەوەیش وای كردووە كە دارودەستەكەی حقدیان بەرامبەر كورد ئەوەندە زۆر بێت، كە خەریكە توشی هستریا دەبن.

 

 سەباح حەسەن چاودێری سیاسی بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٣وە حكوومەتی عێراق كە دروست بوو، بە پێی تەوافقی هەموو لایەنەكان بوو، بەڵام بە داخەوە لە ساڵی ٢٠٠٥ كاتێك كە نووری مالكی هاتە سەر حوكم، وەك كەسێكی نزیكی وڵاتی ئێران خۆی پیشانی هەموو خەڵك دا، ئەوەیش بۆ هەموو لایەنەكان دیار بوو كە ئەو سیاسەتی ئەو دەكات سیاسەتێكی فاشلە، سیاسەتێكە تەنیا كار بۆ ئەوە دەكات كە خۆ لە لای وڵاتی دەوروبەر شرین بكات، ئەوەیش وای كرد كە وڵات تووشی دەیان قەیرانی جۆراوجۆر ببێتەوە، بەڵام لەو كاتە كورد تێگەیشت كە نووری مالكی، وڵات بەرەو قەیران دەبات، بەتایبەتی (سەرۆك بارزانی)، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەرامبەر بە هەنگاوەكانی مالكی وەستایەوە، رایگەیاند كە ئێمە بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەوە نین نووری مالكی ببێتەوە سەرۆكوەزیران."

 

ئاماژەی بەوەیش كرد: "دژایەتی نووری مالكی بۆ هەرێمی كوردستان بۆ هەموو جیهان دەركەوت، كە هەرێمی كوردستان رۆژ بە رۆژ پێش دەكەوێت، سەرۆكەكەی سەرنجی سەركردەی وڵاتانی جیهان بۆ هەرێمی كوردستان ڕادەكێشێت، ئەوەیش لە بەرژەوەندی نووری مالكی و حكوومەتی عێراقی ئەو كاتدا نەبوو، بۆیە كەوتە دژایەتیكردنی سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان، چونكە دەیزانی ئەوەی بەرگری لە گەلی كورد دەكات و گەلی كورد بەرەو دوا ڕۆژێكی گەش دەبات، سەرۆك بارزانی و حزبەكەیەتی،  بۆیە بە هەموو جۆرێك دژایەتی ئەو حزبەیان كرد، هەتا  لەگەڵ هەندێك حزبی دیكە گەیشتنە ڕێككەوتن كە كار بۆ تێكدانی یەكڕیزی ناو ماڵی كورد بكەن، هەتا بتوانن بە شێوەیەكی جوان و بە ئیسراحەتی خۆیان كار لەگەڵ ئەو مەلەفەدا بكەن".

 

ڕابین شێروانی

 

هەواڵی پەیوەندیدار