تارق هەرنی: داعش لە بەرانبەر پێشمەرگە جووڵەیان نەماوە

بەرەی جەنگ-KDP.info- فەرماندەیەكی پێشمەرگە لە باكووری مووسڵدا ئاشكرای كرد، پێشمەرگە شوێنی خۆی گرتووە و چەكدارانی داعش لە بەرانبەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە جووڵەیەكی ئەوتویان نەماوە و چاوەڕێی سوپای عێراقین لە بەرەی باكوورەوە پێشڕەوی بكات بۆ نێو سەنتەری مووسڵ.
لیوا (تارق هەرنی) فەرماندەی فەرماندەی سپیلك بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی ڕاگەیاند: "پرۆسەی گرتنەوەی گوندەكانی ناوچەكانی دەشتی نەینەوا لە سنووری باكووری مووسڵ كۆتایی هاتووە و پێشمەرگە پلانی هەبوو تا شارەدێی باتما بگرێتەوە و گەیشتووەتە دوا خاڵی دیاریكراو، هێزەكانمان سەنگەریان داناوە و داعش لە ناوچەكانی بەرامبەر هێزی پێشمەرگە زۆر لاواز بوونە و تەنیا بە هاوەن تۆپبارانی سەنگەرەكانی پێشمەرگە دەكەن و هیچ چەكدارێكیان دیار نییە."
لیوا تارق گوتیشی: "بەپێی پلانی سەربازی بۆ پێشڕەویكردنی نێو سەنتەری شاری مووسڵ پێویستە سوپای عێراق پێشڕەوی بكات، بەڵام لە قۆڵی باكووری مووسڵەوە هەندێ خاوی پێوە دیارە و سوپای عێراق پلانی خۆی گۆڕیوە تا لە قۆڵی باكوورەوە بچێتە نێو سەنتەری شاری مووسڵ، پێشبینی دەكەین لەو یەك دوو ڕۆژەدا سوپا لە باكوورەوە بچێتە نێو مووسڵەوە."
قائید میرۆ




