147 ئافرەتی كریستیان بۆ رەققە گوێزراونەتەوە

هەولێر-KDP.info- نوێنەرێكی كریستیانەكان لە پەرلەمانی كوردستان ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، ژمارەیەكی یەكجار زۆر ئاوارەی كریستیان ڕوویان لە دەرەوەی وڵات كردووە و، ژمارەیەك وڵاتی جیهانیش ئامادەیی خۆیان نیشان داوە بۆ ئاوەدانكردنەوەی دەشتی نەینەوا.
(سروود سەلیم)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دوای هێرشی تیرۆریستانی داعش، 180 هەزار هاووڵاتیی كریستیان ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوونە و 40%ـی ئەو ئاوارە كریستیانانە روویان لە دەرەوەی وڵات كردووە و لە توركیا و ئوردن و ئەورووپا نیشتەجێن، چەند وڵاتێكی جیهانیش ئامادەیی خۆیان پیشان داوە هاوكار بن لە ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانی دەشتی نەینەوا، چونكە ژێرخانی ئابووریی ناوچە كریستیانەكان خاپوور كراوە و زۆربەی خانوو و پەرستگە ئایینییەكان زیانیان پێ گەیشتووە و شوێنی گونجاو نین بۆ ژیان، ئێستایش 99%ـی ناوچەی دەشتی نەینەوا كۆنتڕۆڵ كراوەتەوە، بەڵام هەرچۆنێك بێت مووسڵ ئازاد بكرێتەوە، هاووڵاتیانی كریستیان دەگەڕێنەوە شوێنی خۆیان".
نوێنەری كریستیانەكان دەشڵێ: "ئەوەی ئاوارە مەسیحییەكان جیا دەكاتەوە لە ئاوارەكانی دیكەی عێراق ئەوەیە، ئێمە توانیومانە بە هاوكاریی كەنیسە كۆمەك بۆ ئاوارەكان كۆ بكەینەوە و هیچ ئاوارەیەكی كریستیان لە ژێر خێمەدا نییە، یان چوونەتە نێو كەرەڤانە و یانیش بەشێكیشیان خانوویان بۆ بەكرێ گیراوە".
لەبارەی ئافرەتە كریستیانەكانی دەست داعش، (سەلیم) گوتی: "لە كاتی داگیركردنی ناوچەی دەشتی نەینەوادا، 147 ئافرەتی كریستیان كەوتنە دەست چەكدارانی داعش، چارەنووسی ئافرەتە رفێندراوە كریستیانەكان هاوشێوەی رەوشی ئافرەتانی كوردی و ئێزدی و ئەوانی ترە، ئێمە حەزمان نەكرد ئەو پرسە لە راگەیاندنەكان ئاماژەی بۆ بكرێت، بەڵام تازە ئاشكرا بووە و بەڵێ ئەو ئافرەتە كریستیانانە لە دەست چەكدارانی داعشدا ماون و گوازراونەتەوە بۆ شاری رەققە".
قائید میرۆ




