فازڵ میرانی پێشوازیی لە فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق کرد

هەولێر-KDP.info- فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازیی لە فراکسیۆنە پارتییەکەی پەرلەمانی عێراق کرد و دەستخۆشی لێ کردن کە پابەندی ڕاسپاردەکانی سەرکردایەتیی پارتینە لە بەغدادا.
ئەمڕۆ لە بارەگای مەكتەبی سیاسیدا بە سەرپەرشتیی فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی، مەحموود محەمەد و عێزەدین بەرواری و ڕیبوار یەلدا ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و، ڕەمزی شەعبان ئەندامی یەدەگی مەكتەبی سیاسی و، تەها بەرواری بەڕێوەبەری نووسینگەی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و خەسرەو گۆران سەرۆكی فراكسیۆنە پارتییەکەی پەرلەمانی عێراق و، ئەندامانی ئەو فراكسیۆنە کۆ بوونەوە.
فازڵ میرانی وێڕای بەخێرهێنانیان باسی ڕەوشی ئەمڕۆی عێراق و كوردستانی کرد و پێشڕەوییەکانی ئەم دواییەی پێشمەرگەی كوردستان لە بەرەكانی جەنگ دژی داعش بەرز نرخاند و سپاسی ڕۆڵی قارەمانانە و گیانفیداییەکەی پێشمەرگەی كوردستانیشی كرد.
ئینجا سكرتێری مەكتەبی سیاسی دەستخۆشی لە خۆڕاگری و پابەندبوونی ئەندامانی فراكسیۆنی پارتیی کرد لە جێبەجێ كردنی ڕاسپاردەكانی سەركردایەتیی حزب لە بەغدادا.
هەروەها فازڵ میرانی ئاماژەی بەوە دا كە: "ئەم قۆناغە زۆر ناسکە و ئێوەی پەرلەمانتار دەبێ وریاتر بن لە كارەكاندا و لەسەر بەرژەوەندییە بەرزەکان سازش نەکەن و ببنە دەنگی ڕاستەقینەی كورد لە پەرلەمانی عێراقدا."
خەسرەو گۆران سەرۆكی فراكسیۆنە پارتییەکەی پەرلەمانی عێراق سپاسی مەكتەبی سیاسیی کرد بۆ ئەم پێشوازییە و ڕەخساندنی ئەم دەرفەتە بۆ كۆبوونەوە و باسی كارەكانی فراكسیۆنە پارتییەکەی پەرلەمانی بەغدای كرد, و ئاماژەی بەوە دا كە "ئێمەی فراكسیۆنی پارتی لە هەموو كارێکدا بەرژەوەندییەکانی گەلی كورد دەخەینە پێش گشت شتێکەوە و هەریز نەمانهێشتووە كە جیاوازییەكانی ناو هەرێم كار بكاتە سەر فراكسیۆنەکەی ئێمە و لە كارەكەماندا ڕەنگ بداتەوە."
لە ئاخرەوە دەرگای گفتوگۆ و پرسیار كرایەوە و، هەمووان ڕا و پێشنیاریان ئاڵوگۆڕ كرد.




