وەزارەتەكانی خوێندنی باڵای هەرێم و شانشینی ئوردن، یادداشتنامەیەكی لێكگەییشتنیان واژۆ كرد

هەولێر-KDP.info- بۆ پتەوكردنی پەیوەندییە زانستییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و شانشینی ئوردن، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی كوردستان و شانشینی ئوردن، یادداشتنامەیەكی لێكگەییشتینان واژۆ كرد.
لە چوارچێوەی سەردانی شاندی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ عەمانی پایتەختی ئوردن، یادداشتنامەیەكی لێكگەییشتنی واژۆ كرد، ئەو یادداشتنامەیە كە بە چاودێری و ئامادەبونی (د. یوسف گۆران) وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی كوردستان و، (د. عادل ئەلگویسی) وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی وڵاتی ئوردن لەلایەن (د. ئامانج سەعید) ڕاوێژكاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی كوردستان و، (د. هانی ئەلچمور) ئەمینداری گشتیی وەزارەتی خویندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی شانشینی ئوردنی واژۆ كرا كە چەند خاڵ و بڕگەیەكی گرینگی لە خۆ گرتووە.
بەپێی خاڵەكانی ئەو یادداشتنامەیە، هەردوو وەزارەت هاوكاری و هەماهەنگی دەكەن بۆ ئاڵوگۆڕی شارەزایی لە بواری خوێندنی باڵا و ئەكادیمی و هونەری و پیشەیی و تەكنەلۆژی، لە هەمان كاتدا هەردوولا هەماهەنگی دەكەن بۆ ئاڵوگۆڕی قوتابیان و خوێندكاران بۆ درێژەدان بە خوێندن لە ئاستی بەكالۆریۆس و ماستەر و دكتۆرا، هەروەك بەپێیی خاڵێكی دیكەی یادداشتنامەكە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی كوردستان و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە ئوردن توێژینەوەی زانستیی هاوبەش ئەنجام دەدەن و، سیمینار و كۆنفڕانس و كۆنگرەی هاوبەش ساز دەكەن بۆ گەشەپێدانی خوێندنی باڵا لە هەردوولا، جگە لەوانەیش هەردوو وەزارەت هەماهەنگی دەكەن بۆ ئاڵوگۆڕی كتێب و گۆڤار و سەرچاوەی زانستی لە بواری پسپۆڕیی جیادا، لە هەمان كاتدا هەماهەنگیی یەكتر دەكەن لە بوارەكانی دڵنیایی جۆری و متمانەبەخشین و ڕیزبەندی زانكۆكان.
لە كۆتاییدا و وەك لە خاڵەكانی یادداشتنامەكەدا هاتووە، هەردوو وەزارەت لیژنەیەكی هاوبەش پێك دەهێنن بۆ دانانی میكانیزمی گونجاو بۆ دداننان بە زانكۆكانی یەكتری.




