دەلۆ: پێشمەرگە كەركووك دەپارێزێت.. هیچ هێزێك بێ ئاگاداریی هەرێم نایەتە شارەكەوە

كەركووك-KDP.info- سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك-گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، هێزی پێشمەرگەی كوردستان كەركووك دەپارێزێت و هیچ هێزێك لە دەرەوەی پێشمەرگە و بە بێ ئاگاداریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، نایەتە شارەكەوە.
(سەڵاح دەلۆ)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "لە دەرەوەی شاری كەركووك، هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەوپەڕی بەهێزییەوە جێگیر كراوە و ئەمنییەتی شارەكە بە تەواوەتی پارێزراوە، بە جۆرێك سەرجەم دامەزراوە ئەمنییەكان خراونەتە خزمەتی ئارامیی شارەكەوە و ئەوەیشی كە لە شاری كەركووك ڕووی دا، نابێت دووبارە ببێتەوە".
(دەلۆ) گوتیشی: "داعش هەموو هەوڵێكی بۆ ئەوەیە كە زیان بە شاری كەركووك بگەیێنێت و دەستی بەسەردا بگرێت، بەڵام زەنگی لەناوبردنی داعش لە كەركووكەوە لێ دەدرێت و، لە ماوەی هێرشی رابردوویشیاندا بۆ شارەكە زیاد لە ١٠٠ كوژراو و دەیان دەستگیركراویان هەبووە، بە جۆرێك كە راگەیەنراوەكەی ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كورستان، دەرخەری ئەو راستییەكە كە چۆن قەڵاچۆی داعش لە كەركووك كراوە و بڕیارە لە داهاتوودا هەڵمەتێكی فراوانتر بۆ دەستكیركردن و وەدەرنانی شانە نوستووەكانی داعش دەست پێ بكات".
سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك-گەرمیان دهشڵێت، پشتیگریی تەواوی خەڵكی شارەكە دەكەین و، لەپاڵ خەڵكی شارەكەیش پشتیوانیی تەواو بۆ ئەو كەسانە دەردەبڕین كە لە ڕۆژانی سەختی شارەكەدا لە ڕووی ئەمنییەوە، پشتیوانییان بۆ پێشمەرگە دەربڕیوە، داوایش لە هێزە ئەمنییەكان دەكەین كە چاوكراوە بن بەرانبەر بە هەر جوڵەیەكی داعش لە شارەكەدا".
كارزان سەباح هەورامی




