ئەم حەفتەیە هەڵوێستی لیژنەی ئەمنی کەرکووک پێوەست بە هاتنی حەشدیشەعبی ڕوون دەبێتەوە
_(1)__2016_10_30_h19m58s57__HK.jpg)
کەرکووک-KDP.info- دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی ئەوە کە ھێزێکی حەشدیشەعبی نزیکەی ٣٠٠کەس دەبن چوونەتە ناو کەرکووک و ڤیدیۆکەشی بڵاو کرایەوە، بەڕێوەبەری ئاسایشی کەرکووک لەوبارەیەوە دەڵێت، ئەم حەفتەیە لیژنەی ئەمنی کۆ دەبێتەوە و ھەڵوێستی ئیدارەی کەرکووک لەسەر ئەوپرسە ڕوون دەبێتەوە.
لیوا ھەڵۆ نەجات بەڕێوەبەری ئاسایشی کەرکووک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "تاوەکو ئێستا ھیچ ھێزێکی حەشدیشەعبی بە فەرمیی نەھاتوونە بۆ ناو شاری کەرکووک و ڕەنگە ئەو ڤیدیۆیەی بڵاو بووەتەوە لە دەرەوەی شار گیرابێت لەبەر ئەوەی ئەوان ١٠ ڕۆژ جارێک جێگۆرکێیان پێ دەکرێت؛ فرقەی عەباس قیتالیە لە تازەیە، بەڵام ئێمە لە ناوشار بەدواداچوونمان کردووە ئەو ھێزە لە ناوشاردا نینە، هەر لە حوسێنییەکاندا نەبێ، هەڵبەت ئەویش لە ترسی بارودۆخەکەدا ٢٢ هێزیان زیاد کردووە؛ وەکچۆن خەڵک چەکیان پێیە ئەوانیش پێیانە."
گوتیشی، تاوەکو ئێستا کەرکووک ھیچ ھێزێکی ڕێکخراوی حەشدیشەعبیی لێ نییە؛ ڕەنگە ئەو ھێزەی باسی دەکرێت لە دەرەوەی شار بێت کە ئەوانیش ماوەی دوو ساڵە لەوێ ھێزیان ھەیە.
بەڕێوەبەری ئاسایشی کەرکووک ڕوونیشی کردەوە، تائێستا ھیچ بڕیارێک نییە بۆ ئەوەی ڕێگەیان پێ بدرێت بێنە ناو کەرکووکەوە، بەڵام ئەگەر بێتە ناوشار، ئاخری دەبێتە کێشە.
باسی لەوەش کرد، ئەم حەفتەیە لە لیژنەی ئەمنیدا باسی ئەو کێشەیە دەکەین و، ئەوکات بۆ خەڵک ڕوونتر دەبێتەوە کە ھەڵوێستی ئیدارەی کەرکووک چۆنە.
بڵند ئیبراھیم




