٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دایك و باوكان لە دەستپێنەكردنه‌وه‌ی خوێندن نیگەرانن و وەڵامی منداڵەكانیان پێ نادرێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی- KDP.info- بەپێی ساڵنامەی خوێندن بووایە، دەبوو وەك ساڵانی تر خوێندن دەست پێ بكات، ئەمساڵ بە هۆی بایكۆتكردنی مامۆستایانەوە، قوتابیان لە چەند شوێنێكی كوردستان بێبەش بوونە لە خوێندن، دایك و باوكانیش ناڕازین لە دواكەوتنی خوێندنی قوتابییەكانیان.

پێوه‌ست به‌ نه‌كردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌كانی سنووری پارێزگای سلێمانی به‌ڕووی قوتابیاندا (پڕژە عەلی) لە شاری سلێمانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دواو گوتی: "وەك دایكێكی قوتابی دڵگرانم بە دواكەوتنی خوێندنی منداڵەكانمان، كاتێكیش منداڵەكان پرسیارمان لێ دەكه‌ن بۆچی قوتابخانە ناكرێتەوە، من ناتوانم بە باشی وەڵامی منداڵەكانم بدەمەوە لە بارەی كەمتەرخەمیی مامۆستایانی ئێستا، پرسیارگەلێك دروست دەبێت و ترسمان لە پەروەردەكەی هەیە بۆ ئاییندە".

باوكی قوتابییەكی تر بە ناوی (ڕەهەند كەریم) لە شارۆچكەی كۆیە، وه‌ها بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دواو گوتی: "منداڵەكەی من دوو ساڵی ڕابردوو باخچەی ساوایانی خوێند، پێویست بوو ئێستا لە قوتابخانە پۆلی یەكی بنەڕەتی بووایە، نیگەرانم بۆی، چونكە یەكەم ساڵیەتی و كۆمەڵێك هیوا و ئاواتمان لە مێشكی ناوە تا بخوێنێت و لە داهاتوودا بەرپرسیارەتییەك بە دەست بهێنێت، بەڵام كاتێك دەبینین مامۆستیان بە بێ ئەوەی گوێ بە بەرپرسیارەتی و ئەركی خۆیان بدەن، ئەوە دوو مانگ و نیوە تەواو ئێمە و منداڵەكانمانیان بێئومێد كردووە، یەك ڕۆژ بایكۆتیان كرد، ئەوە حەقی خۆیانە و دەنگیان گەیاند بە حكوومەت و ئەگەر دەستێكی سیاسی لە پشت نییە، دەبوو دواتر قوتابخانەكانیان بكردبایەوە، بەڵام بەشێكی مامۆستایان بەرژەوەندیی گشتییان لا گرینگ نییە و تەنیا بەرژەوەندیی تاكە كەسی خۆیان لا گرینگە".

(كوردۆ عزیز) كە چوار منداڵی قوتابییە و خۆیشی مامۆستایە لە شارۆچكەی ڕانیە، ڕایگەیاند: "خۆم مامۆستام و چوار منداڵیشم قوتابین، بەڵام تا ئێستا دەست بە خوێندن نەكراوە، وەك خۆم كە مامۆستام لەو سنوورە پێم خۆشە قوتابخانەكان بكرێنەوە و منداڵان لە ساڵێكی تەواوی مافەكانیان بێبەش نەكەن، بەڵام ئەوەی دەیبینم كێشەكە چەند مامۆستایەك ناویانەتەوە و دەستی سیاسی لە پشتە".

 

فایزە كۆیی

هەواڵی پەیوەندیدار