"ئەو بەرگرییەی داعش بەرانبەر هێزە عێراقییەكان دەیکا، بەرانبەر بە پێشمەرگە نییەتی"

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و راگەیاندن لە وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێ، تواناكانی داعش لە ناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی تری بەرەی شەڕ جیاوازی هەیە، بەڵام گومانی تێدا نییە ئەو بەرگرییەی داعش لە بەرانبەر هێزە عێراقییەكان هەیەتی، بەرانبەر بە پێشمەرگە نییەتی.
(هەڵگورد حیكمەت)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بە گوێرەی ئەو رێككەوتنەی لە نێوان هەرێم و بەغدادا كراوە لەمەڕ ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنەوەی مووسڵ، پێشمەرگە داخیلی ناو شاری مووسڵ نابێت، بەڵام لە هەندێك شوێن پێشمەرگە كەمتر لە حەوت كیلۆمەتر لە مووسڵەوە دوورە. بە هەموو شێوەیەك لە هەوڵداین مووسڵ ئازاد بكەین بە كەمترین زیان و، بتوانین پشتگیرییەكی باشی ئەم هێزە عێراقیانە بكەین كە دەچنە نێو شاری مووسڵەوە".
(حیكمەت) گوتیشی: "جارێ لە سەرەتای پرۆسەی رزگاركردنی مووسڵین، بەڵام بەپێی ئەو پلانەی كە هەردوو لا لەسەری رێك كەوتبوون بۆ ئەو شوێنانەی كە هێزی پێشمەرگە ئازادیان بكات، ئێستا بەشێکی زۆری ئەو شوێنانە لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە ئازاد كراون بە شێوەیەكی زۆر سەركەوتووانە".
بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە دهشڵێت، تواناكانی داعش لە ناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی تری بەرەی شەڕ جیاوازی هەیە، بەڵام گومانی تێدا نییە ئەو خۆراگرییەی داعش لە بەرانبەر هێزە عێراقییەكان هەیەتی، بەرانبەر بە پێشمەرگە نییەتی. هەرچەندە نابێ بە كەمیان بزانین و دەبێ وەك هەمیشە لەسەر هەست بین".
شاری مووسڵ لە حوزەیرانی ساڵی 2014ـەوە كەوتە دەست تیرۆریستانی داعش، لە 17ـی ئەم مانگەوە ئۆپەراسیۆنی ڕگاركردنی مووسڵ لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگە و هێزە چەكدارەكانی عێراق دەستی پێ كردووە و تائێستا چەندین ناوچەی ستراتیژی لە چنگی تیرۆریستانی داعش ڕزگار كراون.
سەرباز واحید




