"پێشمەرگە ناکشێتەوە"

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكان رایگەیاند، وەك خەڵكی ئەو ناوچانە داوا دەكەین دەشتی نەینەوا و شنگال ببنە پارێزگا و بگەڕێنەوە سەر هەرێمی كوردستان، چونكە خەڵكی ئەو ناوچانە گەیشتوونەتە ئەو بڕوایە ئەگەر ناوچەكانی ئەوان ببنە پارێزگا و بگەڕێنەوە سەر هەرێمی كوردستان باشتر خزمەتیان دەکرێ و ناوچەکانیشیان ئاوەدان دەکرێتەوە.
(شێخ شامۆ) ئەندامی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی هەرێم، بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: داوا دەكەین دوای ئازادكردنی شاری مووسڵ نەخشەی ناوچەكە گۆڕانگاری بەسەردا بێت و، دەشتی نەینەوا و شنگال ببنە پارێزگا و بگەڕێنەوە سەر هەرێمی كوردستان، چونكە لە ماوەی رابردوودا كە ئەو ناوچانە سەر بە ئیدارەی مووسڵ بوون، جگە لە ناخۆشی و كاوڵكاری و دەربەدەری هیچی دیكەمان نەبینیوە، بۆیە داوا دەكەین هەر دوای ڕزگاركردنی ئەو شارە ناوچەكانی ئێمە ببنە پارێزگا و بگەڕێنەوە سەر هەرێمی كوردستان، چونكەی خەڵكی ئەو ناوچانە گەیشتوونەتە ئەو بڕوایە ئەگەر ناوچەكانی ئەوان ببنە پارێزگا و بگەڕێنەوە سەر هەرێمی كوردستان باشتر خزمەتی ئەوان دەكرێت و دوور دەبن لە كوشتن و دەربەدەری و ناوچەكانی ئەوان ئاوەدان دەكرێنەوە.
گوتیشی: ئەگەر تۆ ناوچەكانی خۆ لە دڕندەترین دوژمن ڕزگار بكەی و بە خوێنی پێشمەرگە ئەو ناوچانە ئازاد بكەی، پاشان خۆ لەو ناوچانە بكشێنیەوە ئەوە جێگەی قەبووڵ نییە، چونكە ئەو ناوچانە كوردستانینە، پێشمەرگە لە دوای ئازادكردنی مووسڵ، بە هیچ شێوەیەك لە ناوچە كوردستانییە تازەئازادكراوەكان ناكشێتەوە و هەر شوێنێك و ناوچەیەك لە دوای شەڕی داعش لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە ئازاد كرابێت، پێشمەرگەی تێدا جێگیر دەكرێت، مافی كەس نییە داوای كشانەوەی پێشمەرگە بكات لەو ناوچانە".
رابین شێروانی




