٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سامی ئەترووشی: پێشمەرگە با نەچێتە نێو مووسڵ

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- پەرلەمانتارێكی پێشووی یەكگرتووی ئیسلامی، رۆڵی پێشمەرگە لە شەڕی گرتنەوەی مووسڵدا بەرز دەنرخێنێت و، داوایش لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكات پێشمەرگە بەشداری شەڕی نێو مووسڵ نەبێت، چونكە شەڕێكی مەزهەبییە و لەوانەیە هەندێ لایەنی نەیاری كورد تۆمەت بۆ پێشمەرگە دروست بكەن.

 

(سامی ئەترووشی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پێشمەرگە رۆڵێكی گرینگ و سەرەكیی بینیوە لە شەڕی گرتنەوەی مووسڵدا و پێویست بوو هێزی پێشمەرگە رۆڵی هەبێت، سەركەوتنەكانی پێشمەرگە لە بەرچاون لە قۆناغی یەكەمی شەڕی مووسڵدا بەپێی ئەو نەخشەیەی لە چوارچێوەی رێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقدا، بەڵام بە بڕوای من پێشمەرگە لە شەڕی نێو سەنتەری مووسڵدا بەشدار نەبێت باشترە، چونكە مووسڵ خۆی ناوچەی ماددەی 140 نییە، ئەوەی گرینگە بۆ ئێمەی هەرێمی كوردستان باشترە پێشمەرگە تەنیا لە گرتنەوەی ناوچە كوردستانییەكان بەشدار بێت، چونكە خاكی خۆمانە، مووسڵ شوێنی كورد نییە و بۆچی قوربانی بۆ گرتنەوەی سەنتەری شاری مووسڵ بدەین، لەبەر ئەم خاڵانەی باسم كردن، داوا لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەم پێشمەرگە نەچێتە نێو سەنتەری شاری مووسڵ".

 

(ئەترووشی) گوتیشی: "شەڕی نێو سەنتەری شاری مووسڵ دەبێتە شەڕێكی مەزهەبی، راستە پێشمەرگە سەربەخۆیی خۆی پاراستووە و پەیوەندی بە كێشەی مەزهەبییەوە نییە، بەڵام زۆر لایەن یەكتر تۆمەتبار دەكەن لەنێو مووسڵ، لەوانەیە هەندێ كەس و لایەن بە مەبەست تۆمەت بۆ پێشمەرگە دروست بكەن، ئێمەیش وەك هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگە دوورین لەو شەڕە مەزهەبییە، ئێران و توركیایش بچنە نێو مووسڵ، ئێمەی كورد نەچین باشترە، ئەوە سوپا و پۆلیسی مووسڵ با بچن شارەكەیان كۆنتڕۆڵ بكەنەوە".

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار