"هەرێم ئامانجەكانی مالیكیی لەبار برد"
__2016_10_29_h14m51s58__HK.jpg)
هەولێر-KDP.info- مامۆستایەكی زانكۆ ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، هێرشەكانی (نووری مالیكی) بۆ سەر هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان رۆڵی گەورەی هەبووە لە عێراقدا و هەروەها لە دروستكردنی هەماهەنگیی نێوان هەرێم و بەغدادا بۆ شەڕی دژی داعش. دەشڵێ، لێكنزیكبوونەوەی هەرێم و بەغدا، ئامانجەكانی (نووری مالیكی)ـی لەبار برد بۆ گەڕانەوەی دەستەڵات.
(زێرەڤان بەرواری) مامۆستای زانكۆی دهۆك و چاودێری سیاسی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "هەوڵەكانی (نووری مالیكی) بۆ هێرشكردنەسەر هەرێمی كوردستان، بۆ ئەو رۆڵەی ئەم دواییەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان گێڕای، بە تایبەت بۆ نزیكبوونەوەی هەرێمی كوردستان بەغدا، هەروەها هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەگەڕێتەوە، چونكە پێشتر (مالیكی) هەوڵەكانی چڕ كردبووەوە تا حكوومەتی (حەیدەر عەبادی) لاواز بكات و خۆی بگەڕێتەوە سەر دەستەڵات، ئەو ئامانجانەی لە رابرددا (مالیكی) هەوڵی بۆ دەدا سەری نەگرت، لەبەر ئەوەیش دەیەوێ هەندێ ئاستەنگی دیكە دروست بكات، تا لەو رێگەیەوە بگەڕێتەوە سەر تەختی دەستەڵات و رۆڵ بگێڕێت لە عێراقدا".
(بەرواری) گوتیشی: "گەڕانەوەی (نووری مالیكی) تەنیا بۆ ئەوەیە خزمەت بە ئایدولۆژیەكی تایبەت و دیاریكراو بكات، خەڵكی عێراقیش لەگەڵ ئەو بۆچوونەیان ناگونجێت، بەڵێ ئاشكرایە (مالیكی) دڵگرانە بە هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان هەرێم و بەغدا، دەیەوێ هەژموونی خۆی بگەڕێنێتەوە بۆ سەر دەستەڵات، لە هەمووی گرینگتر پێم وایە ئێران گوشار دەخاتە سەر حكوومەتی ئێستای عێراق و ئەو گوشارانەش زیاتر لە رێگەی (نووری مالیكی) و ئەو دەزگا سەربازیانەی سەر بە (مالیكی)ـیەوە دەكرێن، چونكە ئێران هەموو جارێك ناتوانێ راستەوخۆ گوشار بخاتە سەر حكوومەتی عێراق و، زیاتر لە رێگەی ئەو دەزگا لەشكریانە گوشار بۆ سەر عێراق دێنێت كە سەر بە (نووری مالیكی)ـن".
قائید میرۆ




