نێچیرڤان بارزانی بۆ بیڵدی ئه‌ڵمانیا: پاش ئازادكردنی مووسڵ، له‌گه‌ڵ به‌غدادا باس له پرسی سه‌ربه‌خۆیی ده‌كه‌ینه‌وه

هه‌ولێر-KDP.info- سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، هه‌رپاش ئازادكردنه‌وه‌ی مووسڵ له چنگی تیرۆریستانی داعش، بابه‌تی سه‌ربه‌خۆییی هه‌رێمی كوردستان ده‌خه‌ینه‌وه به‌ر باس. داوایشی له كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تان كرد، به دابینكردنی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی هاوكاریی پێشمه‌رگه بكه‌ن.
(نێچیرڤان بارزانی) ئه‌م قسانه‌ی له جاوپێكه‌وتنێكدا كردووه له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌ی بیڵدی ئه‌ڵمانیایی كه دوێنێ هه‌ینی بڵاو كراوه‌ته‌وه و، ڕایگه‌یاندووه، ده‌مێكه كاتی سه‌ربه‌خۆیی هاتووه، به‌ڵام كاری له‌پێشینه‌مان له‌ئێستادا چه‌نگی دژ به ڕێكخراوی تیرۆریستانی داعشه.
سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌روه‌ها گوتی، ''هه‌ر به ئازادكردنه‌وه‌ی مووسڵ، له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌كانمان له به‌غدا، پرسی سه‌ربه‌خۆیی ده‌خه‌ینه به‌ر باسه‌وه. زۆر له چاوه‌ڕوانیدا بووین، پێمان وا بوو له پاش 2003وه عێڕاق پێ ده‌نێته قۆناغێكی نوێوه، عێراقێكی دیموكراتی، به‌ڵام ئه‌م عێراقه شكستی برد.''
(نێچیرڤان بارزانی) جه‌ختی كرده‌وه، ''لێره، ئێمه عاره‌ب نین و گه‌لی كوردین. ده‌بێ كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی به چاوی واقیعی له‌مه بڕوانێ''، ئاماژه‌یشی دا، ''له‌كن ئێمه سوپای عێراق و پۆلیسی عێراق نییه. له داهاتوویشدا ڕاپرسی بۆ سه‌ربه‌خۆییی كوردستان ساز ده‌ده‌ین، با خه‌ڵك خۆیان بڕیار بده‌ن.''
(مه‌سعوود بارزانی) سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كه له ساڵی 1991ه‌وه خۆی به‌ڕێوه ده‌بات، مانگی فێبریوه‌ریی ڕابردوو، رایگه‌یاند كه راپرسی بۆ سه‌ربه‌خۆییی هه‌رێمی كوردستان ساز ده‌ده‌ین، ئه‌مه‌یش گرژی خسته پێوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا.
سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێم له‌باره‌ی جه‌نگی مووسڵه‌وه ده‌ڵێ، پڕۆسه‌ی ئازادكردنه‌وه‌ی مووسڵ نزیكه‌ی سێ مانگ ده‌خایه‌نێ. گوتیشی، ''زۆر به خێرایی ناوچه‌كانی ده‌ورووبه‌ری مووسڵمان ئازاد كردوونه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی نایزانین ئه‌وه‌یه، داعش تا چه‌ند ده‌توانێ له ێ‌و مووسڵدا به‌رگری له خۆی بكا.''
هه‌روه‌ها ده‌ڵێ، ''سه‌دان خۆكوژیان بۆ خۆته‌قاندنه‌وه ئاماده كردوون، هه‌ڵبه‌ت شوێنی تایبه‌تیشیان به دروستكردنی بۆمبی چێندراو هه‌یه؛ ئه‌مانه مه‌ترسیدارترینه‌كانن له‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌دا''، داوایشی له كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تان كرد، وه‌ك پشتیوانییه‌ك بۆ ئازادكردنه‌وه‌ی مووسڵ، چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی بۆ پێشمه‌رگه بنێرن.
(نێچیرڤان بارزانی) گوتی، ''له‌م جه‌نگه‌ی ئازادكردنه‌وه‌ی مووسڵدا دژ به داعش، پێویستمان به چه‌كه، ئه‌مه سه‌ختترین جه‌نگ ده‌بێ به‌ره‌وڕوومان ده‌بێته‌وه.''
(نێچیرڤان بارزانی) هاوكات داوایشی له یه‌كێتیی ئه‌ورووپا كرد، له رووی ماددییه‌وه هاوكاریی زیاتری ئه‌و ئاوارانه بكه‌ن كه له مووسڵه‌وه ڕوویان له هه‌رێم كردووه و ده‌كه‌ن. سپاسی حكوومه‌تی ئه‌ڵمانیایشی كرد بۆ ئه‌و هاوكاری و پشتیوانییه‌ی بۆ پێشمه‌رگه كردوویانه.
جه‌ختی كرده‌وه، ''كوردانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسگوزاری حكوومه‌تی ئه‌ڵمانیان له‌وه‌ی كه چه‌كیان به پێشمه‌رگه داوه و گوتی ''چه‌كه‌كانتان ژیانی زۆرانیان ڕزگار كردووه.''




