٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەدهەم بارزانی: گەر مالیكی لەسەر ئەم بیركردنەوانە بەردەوام بێت، دەچێتە زبڵدانی مێژووەوە

سەرچاوە: KDP.info
 
سلێمانی-KDP.info- (ئەدهەم بارزانی) دەڵێ، سەركردەكانی بەعس وەكو (مالیكی) بیریان دەكردەوە، بۆیە كەوتنە زبڵدانی مێژووەوە، گومانی تێدا نییە بەردەوامبوونی (مالیكی) لەسەر ئەم بیركردنەوانە، بە هەمان شوێنی دەگەیێنێت.
 
(ئەدهەم بارزانی) سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی و هەڵەبجە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی (نووری مالیكی) شكستی گەورەی خوراد و دەسەڵات لە دەستیدا نەما لە عێراق و، كەسێكی تر دروست بوو لە حزب و نەتەوە و مەزهەبی خۆی كە (حەیدەر عەبادی)ـیە و دەسەڵاتی گرتە دەست، تووشی شكستێكی گەورە بوو لە هەموو روویەكەوە".
 
(ئەدهەم بارزانی) گوتیشى: "ئێستا (مالیكی) كە دەبینێ هیزی پێشمەرگە ئەم سەركەوتنە گەورانە تۆمار دەكات دژ بە تیرۆریستانی داعش، لەلایەكی تریشەوە ئەو سوپایەی عێراق كە (سەددام حوسێن) و (عەلی حەسەن مەجید) و كەسانێكی شۆڤینی دژ بە كورد بەكاریان هێنا و دەیانەویست كوردستانی پێ داگیر بكەن، (مالیكی)ـیش بەم دید و بۆچوونە دەیەویست ئەم هێزە بەم شێوەیە بۆ وێرانكردن و داگیركردنی كوردستان بەكار بێنێت، بەڵام ئەوەتا ئێستا (مالیكی) دەبینێ هەر ئەم هێزە لە چەند شوێنێكدا هاوسەنگەر و هاوكارە لەگەڵ هیزی پێشمەرگە دژ بە تیرۆریستانی داعش، ئەمەیش بۆ (مالیكی) و هاوبیرانی كە بە دیدێكی تەسكەوە سەیری بابەتەكان دەكەن، قابیلی قەبووڵ نییە، بۆیە (مالیكی) لە ڕووی دەروونییەوە ناچار بووە دەسەت ببات بۆ ئەم لێدوانانە".
 
سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی جەختیشی كردەوە: "بەعس وەكو (مالیكی) بیریان دەكردەوە، بۆیە كەوتنە زبڵدانی مێژووەوە، گومانی تێدا نییە بەردەوامبوونی مالیكی لەسەر ئەم بیركردنەوانە، بە هەمان شوێنی دەگەیێنێت، بۆیە دەبێ (مالیكی) عەقڵ و مەنتیق و بیركردنەوەیەكی دروستی هەبێت، چونكە ئێمە میللەتێكین و دەبێ هەبین و هیچ كەسێك ناتوانێ ئێمە بشكێنێ".
 
ئاماژەیشی دا: "ئێمە سەد ساڵە بەسەر چوار دەوڵەتدا دابەش كراوین، لە ماف و ئازادیمان خوراوە و زۆرمان زوڵم و تاوان بەرانبەر كراوە، بۆیە هەردەبێ تامی ئازادی بكەین. ئەوانەشی كار دەكەن بۆ ئەوەی رێگە لەم ئازادییەی میللەتی كورد بگرن، ناتوانن هەرگیز پێشمان پێ بگرن".
 
سەرباز واحید 
 

هەواڵی پەیوەندیدار