نوێنەرێكی مەسیحییەكان: دەشتی نەینەوا نەگەڕێتەوە سەر هەرێم، لە سەردەمی داعش خراپتر دەبێت

مووسڵ-KDP.info- نوێنەرێكی مەسیحیان لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، داعش زۆرینەی شوێنە ئایینییەكانی مەسیحیانی لە دەشتی نەینەوا تێك داوە، بەڵام لە ئێستادا ئەوانە لەسەر دەستی پێشمەرگە ئازاد كراون و، ئەگەر ئەو ناوچانەیش نەگەڕێنەوە سەر هەرێمی كوردستان، دۆخیان لە سەردەمی داعش خراپتر دەبێت، بۆیە پێویستە ئەو ناوچانە سەر بە هەرێمی كوردستان بن.
(وەحیدە یاقۆ هورمز)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەو ناوچانەی كە لە سنووری پێشمەرگەن لە دەشتی نەینەوا وەكو بەرتلە و باتنایێ و چەند ناوچەیەكی دیكە، هەموویان رزگار كراون، بەڵام ئەوانەی لە سنووری سوپای عێراقن تاوەكو ئێستا هەموو ئازاد نەكراون و بەشێكیان ماون".
(هورمز) گوتیشی: "داعش ناوچەكانی ئێمەی زۆرینەی تێك داوە بە تایبەت شوێنە ئایینییەكان، كە هەندێك لە كڵێساكانی ناوەوەی سوتاندووە و بەشێكی خاچەكەیانی لاداوە، چونكە شوێنی زۆری ئایینیی لێیە كە گوندەكان هەر یەكەیان دوو شوێنی ئایینییان تێدایە، بۆیە پێویستە نۆژەن بكرێنەوە".
ئەو نوێنەرەی مەسیحییەكان دەشڵێت: "پێویستە دەشتی نەینەوا بگەڕێتەوە سەرهەرێمی كوردستان و بەشێكیش دەبێت لە هەرێم، ئێمە ئومێدێكی زۆرمان بە (سەرۆك بارزانی) هەیە كە ناوچەكانمان بەشێك بن لە هەرێم و دوای ئازادكردنیش نۆژەن بكرێنەوە، چونكە ئەگەر ئەو ناوچانە نەگەڕێنەوە سەر هەرێمی كوردستان، دۆخیان لە سەردەمی داعش خراپتر دەبێت، ئێمە پشتگیریی تەواو لەوە دەكەین كە ئەو ناوچانە سەر بە هەرێمی كوردستان بن".
بڵند ئیبراهیم




