٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هۆزە عەرەبەكانی نەینەوا: ئەوەی نوێنەرایەتیمان دەكات بارزانییە.. دەبێ مالیكی بدرێتە دادگا

سەرچاوە: KDP.info
 
مووسڵ-KDP.info- سەرۆكهۆزە عەرەبەكانی سنووری پارێزگای نەینەوا، لەڕاگەیێنراوێكدا بە توندی لێدوانەكانی (مالیكی) ڕەت دەكەنەوە و دەڵێن، لێدوانەكەی لە بنەڕەتەوە بۆ دروستكردنی فیتنەیەكی ترە لە نێوان خەڵكی شاری نەینەوا و عەرەب و كورددا.
 
لە ڕاگەیێنراوەكە كە وێنەیەكی بە‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گەییشتووە، هاتووە كە: "ئێمە وەك هۆزە عەرەبەكانی نەینەوا، ئیدانە و بە توندی ڕەتی لێدوانەكەی (نووری مالیكی) دەكەینەوە لە دژی هەرێمی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان و (سەرۆك بارزانی)، لێدوانەكانی (مالیكی) لە بنەڕەتەوە تایفین و ئامانجی دروستكردنی فیتنەیە لە نێوان خەڵكی نەینەوادا".
 
هۆزە عەرەبەكانی نەینەوا دەشڵێن: "وەكو هۆزەكانی نەینەوا لە وەڵامی (مالیكی) و پیلانە ئایفییەكەی كە لە بنەڕەتەوە لەسەر بەرنامەی ئێران و ئەوانەی وەكو ئێرانن دانراوە، دەڵێین تۆ هیچ پەیوەندییەكت بە مووسڵەوە نییە و لە تۆمەتبارانی كەوتنی مووسڵی، تۆ لە كوێ بووی ئەو كاتەی كوردستان دەرگای خۆی واڵا كرد بە ڕووی ئاوارەكانی عەرەب بە سوننە و شیعەوە كە شەهیدیان دا لە پێشمەرگە قارەمانەكان بۆ ئازادكردنی ناوچە عەرەبییەكان و خەڵكەكەیان پاراست لە كارە تیرۆریستییەكانی داعش، بۆیە پێت دەڵێین، مافی كوردستانە پەیوەندی هەبێت لەگەڵ گشت وڵاتاندا كە ئێستا لە سەروبەندی جیابوونەوەیە، دەشڵێین بۆچی هێرش ناكەیتە سەر وڵاتە عەرەبییەكان كە پەیوەندییان لەگەڵ ئیسڕائیل هەیە و باڵیۆزخانەیان هەیە لە ئیسڕائیل و بە پێچەوانەیشەوە".
 
لە راگەیێنراوەكەدا ڕوونیش كراوەتەوە: "بە (مالیكی) دەڵێین، تۆ كەسێكی خاوەن فیكرەی تایفی و ئەو هەوڵە تایفیانەت رقێكە بەرانبەر گەلی كوردستان، تۆ لە كوێی ئەو كاتەی هێزەكانی پێشمەرگە بەیەكەوە لەگەڵ سوپای عێراق دەجەنگن دژ بە ترۆریستانی داعشی، بۆیە وەكو عەشیرەتە عەرەبەكانی نەینەوا ڕەتی لێدوانە ئاگرینەكەی تۆ بەرانبەر پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەینەوە كە خاوەن مێژوویەكی پڕ لە سەروەرییە و ئەو حیزبەی لەگەڵت بوو ئەو كاتەی ڕات كرد لە كردەوە وەحشیگەرییەكانی (سەددام) و پێشوازییان لێت كرد و باوەڕیان پێت هەبوو كە تۆ ئۆپۆزسیۆنی باشی و رێزلێگیراو بووی لە هەرێمی كوردستان".
 
 لە كۆتایی ڕاگەیێنراوەكەدا هاتووە: "ئێمە وەكو عەشیرەتە عەرەبەكانی نەینەوا، داوا لە (عەبادی) دەكەین (مالیكی) ڕادەستی دادگاكانی عێراق بكات لەسەر ئەو لێدوانە تایفیانەی كە هەوڵی نانەوەی فیتنەی مەزهەبی لە نێوان عەرەب و كورددا دەدات، وەكو هۆزە عەرەبەكانی نەینەوایش پێشتریش داوامان كردووە ئەوەی نوێنەرایەتیمان دەكات (مەسعوود بارزانی)ـیە كە خاوەنی چاكەیەكی زۆرە لەگەڵ ئاوارە عەرەبەكاندا".
 
نەشوان بەرزنجی
 

هەواڵی پەیوەندیدار