شنگالی: مالیكی تاوانباری سەرەكیی كەوتنی مووسڵە.. دەبێ بە سزای خۆی بگات

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیێنێت، (مالیكی) بە هەماهەنگی و هاوكاریی نێوان هەرێم و بەغدا زۆر دڵگران بووە و، رزگاركردنی ناوچەیەكی بەرفراوان و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق و هێزە ئەمنییەكانیش لە سنووری مووسڵ، وای كرد هێرش بكاتە سەر هەرێمی كوردستان و پارتی، بۆیە دەبێت لە دوای ئازادكردنی مووسڵ، دۆسیەی كەوتنی ئەو شارە كە (مالیكی) تاوانباری سەرەكییە تێیدا، نوێ بكرێتەوە.
(د. ماجید شنگالی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانـی ڕاگەیاند: "(مالیكی) ئەستەمە ئەو خەونەی هەیەتی بێتە دی، هەموومان دەزانین (حەیدەر عەبادی) بە شێوەیەكی باش كار دەكات و ئەو ناوچانەی كە (مالیكی) و هێز ئەمنییە كارتۆنییەكانی چۆڵیان كرد، شتێكی كەم نەبوو و لە سەردەمی ئەودا چوار پارێزگایان بۆ تیرۆریستانی داعش چۆڵ كرد و ڕایان كرد، بەم شێوەیە (مالیكی) ئێستا زۆر دڵگران بووە بەم هاوكاری و هەماهەنگی و كاركردنەی نێوان هەولێر و بەغدا، نایشتوانێت هێرش بكاتە سەر (عەبادی)، بەڵام دێت هێرش دەكاتە سەر هەرێمی كوردستان و بە تایبەت پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەم هێرشەی نەك تەنیا بۆ سەر پارتییە، بەڵكو بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ هێرشە بۆ سەر (عەبادی)ـیش، چونكە دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران كە بە هیچ شێوەیەك ئەوە دووبارە نابێتەوە".
(شنگالی) گوتیشی: "رزگاركردنی ناوچەیەكی بەرفراوان و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق و هێزە ئەمنییەكان، وای كرد (مالیكی) بە لێدوانەكانی هێرش بكاتە سەر هەرێمی كوردستان و پارتی، بەڵام دەبێت بزانێت بەو هێرشانەی هیچی بۆ ناچێت سەر و بە هیچ شێوەیەك هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان قەبووڵ ناكەن بگەڕێینەوە سنووری بەر لە 2003 ئەو سنوورەی (سەددام)ـی گۆڕبەگۆڕ دیاری كردبوو، چونكە ناوچەكان كوردستانین و خەڵكی ئەو سنوورانەیش كوردن و بە هیچ شێوەیەك قەبووڵ ناكەن جارێكی دیكە لەگەڵ ئەو خەڵكەدا بژین كە هاوكاریی داعشی كردووە".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەیشی گوت: "(مالیكی) ئێستا هەمان ئامانج و پیلانی رژێمی بەعسی لەناوچوو دووبارە دەكاتەوە، چونكە ئەگەر بە ڕاستی ئەو دژی رژێمی بەعس بوو، دەبوایە ئەوەی (سەددام)ـی گۆڕبەگۆڕ كردی، ئەو دووبارەی نەكاتەوە، ئینجا چ لە كەركووك و مووسڵ یاخود شنگال و شوێنەكانی تری كوردستانی كە هەموومان دەزانین تا ساڵی 2003 ئەو ناوچانە تەعریب كرابوون و بەعسیەكان كاریان تێدا دەكردن، بۆیە دەبینین (مالیكی) ئەمڕۆ بە شێوەیەكی تایفی دەیەوێت كێشە و فیتنە دروست بكات لە نێوان سوننە و كوردان و عەرەبدا، چونكە خۆی فیتنەی تایفی دروست دەكرد دژی سوننە و كوردان و تا ساڵی 2014 یەكێك بوو لەو هۆیانەی كە تیرۆریستانی داعش دروست بوون".
(د. ماجید شنگالی) دهشڵێت، مەلەفی كەوتنی شاری مووسڵ كە (مالیكی) هۆكار بوو، لێكۆلینەوەی تێدا كراوە و گەییشتووەتە دادگایش، پێویستیشە داواكاری گشتی ڕۆڵی خۆی بگێڕێت و لە دوای ئازادكردنی مووسڵ هەر كەسێك لە هەر پلە و پایەیەكدا بێت، سزا بدرێت و مافی ئەو خەڵكەی لێ وەربگیرێتەوە كە بە هۆی كەوتنی مووسڵەوە ئاوارە بوون".
نەشوان بەرزنجی




