٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

زێباری: حكوومەتی هەرێم پاپەند دەبێت بە پاراستنی مافەكانی مرۆڤ

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی كۆمیتەی پێداچوونەوە و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكان، ڕوونكردنەوەی بۆ هیومان ڕایتس ۆوچ دا لەسەر پرۆسەی پشكنین و لێكۆڵینەوەی هێزەكانی حكوومەتی هەرێم  بۆ ئەو ئاوارانەی ڕوو لە كوردستان دەكەن، جەختیشی كردەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پاپەند دەبێت بە پاراستنی مافەكانی مرۆڤ.

دكتۆر (دیندار زێباری) ڕایگەیاند، هەموو ئەو كەسانەی ئاوارەی ناوچەكانی كوردستان دەبن، لە خاڵەكانی پشكنین لێكۆڵینەوە و پشكنینیان بۆ دەكرێت و ناو و ناسنامەكانیان لەگەڵ ئەو زانیاریانەی دەزگا هەواڵگری و ئەمنییەكان كۆیان كردوونەتەوە بە‌راورد دەكرێت .

(زێباری) گوتیشی، جگە لەوەیش، ئەو كەسانەی كە لە ناوچەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی داعشەوە هەڵدێن، لێكۆڵینەوەی زیاتریان لەگەڵدا دەكرێت، ئەمەیش لەسەر بنەمای زانیاریی دەزگای هەواڵگری و دەزگای ئاساییشی نەتەوەیی و دەزگا ئەمنییە ناوخۆییەكانی ئەو ناوچانەیە.

سەرۆكی كۆمیتەی پێداچوونەوە و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكان دەشڵێت، ئەگەر زانرا كە‌سێك مەترسی بۆ سەر ئاساییشی ناوچەكە هەیە،‌ دەبێت لە ماوەی ٢٤ سەعاتدا بگوازرێتەوە بۆ دادگایەكی تایبەت و لەوێ تاوانەكەی دیاری دەكرێت، بەڵام ددانی بەوەدا نا كە لە چەند كەیسێكی كەمدا، پرۆسەی یاسایی بۆ ئەوانەی گومانی پەیوەندیبوونیان بە داعشەوە لێ كراوە، دوا كەوتووە بە هۆی زۆریی ژمارەی ئاوارەكان كە لە ناوچەكانی ژێردەستی داعشەوە هەڵهاتوون بۆ ناوچەكانی هەرێمی كوردستان، هۆكارێكی تری دواكەوتنی پرۆسەكەیش، نەبوونی ژمارەی پێویستە لە ئەندامانی هێزە ئەمنییەكان  بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی لێكۆڵینەوەكان و نەبوونی سەرچاوەی دارایی پێویست.

هەواڵی پەیوەندیدار