"عێراق لە پارەی هەرێمدا قەرزەكانی دەداتەوە"

هەولێر-KDP.info- راوێژکاری پێشووی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان (عەلی بەلۆ) دەڵێ، عێراق لە پشکی هەرێمی کوردستان ئەو قەرزەی لە وڵاتانی بیانیدا کردوویەتی، دەیداتەوە.
(د.عەلی حەسەن بەلۆ) راوێژكاری پێشووی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی راگەیاند، ئەو قەرزانەی عێراق لە بانكی نێودەوڵەتی كردوونی بەشی هەرێمی كوردستانیشی تێدایە و، تا ئێستا عێراق ٤٠ ملیاری لە بانكی ناوەندی قەرزكردووە، سەرەرای ئەوەی بەشی هەرێمی كوردستان لەو قەرزەدا هەیە، بەڵام حكوومەتی عێراق بەشی هەرێمی نەداوە.
دەیشڵێ، لە دانەوەی قەرزەکەدا پارە لە ئێمەیش دەڕوات وەك هەرێمی كوردستان، بۆیە عێراق توانیویەتی مووچەی فەرمانبەرانی خۆی بدات.
بەلۆ، ئاماژەیشی دا، مانگانە عێراق گوژمێک پارە قەرز دەکات بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی پێبدات، هەرێمی کوردستان ناتوانێ ئەو قەرزە بکات، تەنیا دەتوانێ قەرز لە کۆمپانیا نەوتییەکان بکات و مووچەی پێدابین بکات، ئەم قەرزەی هەرێمیش پارەیەکی زۆری دەچێتە سەر و، دەبێ لەوادەیەکی زۆر زوویشدا بیداتەوە.
قائید میرۆ




